شەڕی ئۆکراینا پێگەی ئازەربایجانی لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بەهێزتر کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئازەربایجان لە ماوەی رابردوودا لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپاوە لە برۆکسل پێشوازیی لێکرا، ئەوەش ئاماژەیەکە لەسەر گرنگیی ئازەربایجان و سەقامگیریی ناوچەی وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران بۆ خودی ئەوروپییەکان.
 
هۆکاری کۆکردنەوەی ئەو دوو سەرکردەیە گەیشتن بە چارەسەرە بۆ قەیرانی دێرینی ئەرمینیا و ئازەربایجان، کە هەوێنەکەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ و رێڕەوی لاچینە، تاکە رێگەی بەستنەوەی ئەرمەنییەکانی هەرێمەکەیە بە وڵاتی ئەرمینیای دایکیان، کە ئێستا ئازەربایجان دایخستووە.
 
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند، "سەبارەت بە داخستنی نایاسایی رێڕەوی لاچین و قووڵترکردنی قەیرانی مرۆیی لەو ناوچەیە، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات کێشەکەمان لەگەڵ ئازەربایجان چارەسەر بکات و بە رێککەوتنی ئاشتی بگەین."
 
بۆچی ئێستا ئازەربایجان بۆ یەکێتیی ئەوروپا گرنگە؟
 
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا و کەمبوونەوەی هەناردەی گازی سرووشتیی رووسیا بۆ ئەوروپا، خواست لەسەر گازی ئازەربایجان زیادی کرد. لە شەش مانگی دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە لە 2022، هەناردەی گازی ئازەربایجان بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا چوار هێندە زیادی کرد و بەهاکەی گەیشتە چوار ملیار و 180 ملیۆن دۆلار.
 
حکومەتی ئازەربایجان پلانی هەیە قەبارەی هەناردەکردنی گازەکەی بۆ 33% بەرز بکاتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتەکەی بۆ 50% بەرز کردەوە.
 
ئازەربایجان بە ئەڵقەی بەستنەوەی رێگەی بازرگانیی نێوان چین و ئەوروپا دادەنرێت؛ بە مەبەستی بەهێزکردنی ژێرخانی ئازەربایجان، ئەوروپا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هاوکاریی 25 هەزار کۆمپانیای بازرگانیی بچووک و مامناوەندی ئەو وڵاتە دەکات.
 
ئەمریکاش لەسەر هێڵە و مەبەستیەتی ئەو وڵاتانە لە بازنەی رووسیا دووربخاتەوە. بۆ ماوەی سێ رۆژ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن پێشوازیی لە هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد.
 
لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخیش خۆپێشاندان و رێپێوانی ناڕەزایەتی لەسەر گەمارۆدانیان بەردەوامە و داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن دۆخی مرۆیی هەرێمەکەیان نەکەنە سووتەمەنیی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان.