دادگەیەکی هۆڵەندا هاووڵاتییەک بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی خۆکوژییەوە زیندانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەک لە هەرێمی برابانت لە باشووری هۆڵەندا هاووڵاتییەک بە "تاوان"ی فرۆشتنی دەرمانی خۆکوژی زیندانی دەکات، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە کارەکەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 10 کەس.
رۆژی سێشەممە، 18ی تەممووزی 2023، هاووڵاتییەکی هۆڵەندیی تەمەن 30 ساڵ بە ناوی ئەلێکس لەلایەن دادگەیەکی ئەو وڵاتەوە بە تاوانی فرۆشتنی هەزار و 600 پارچە دەرمان سزادرا، ئەوەش دوای دەستخستنی ئەو دەرمانانە لە دەرەوەی هۆڵەندا و فرۆشتنی بەو کەسانەی داوایان کردووە لەنێوخۆی وڵاتەکەدا.
دادوەرانی دادگەکە رایانگەیاند، "تاوانبارەکە مامەڵەیەکی بێ نرخانەی لەگەڵ ژیانی خەڵکییدا کردووە و لە گرنگیی ژیانی هاووڵاتییانی بە گشتی کەمکردووەتەوە"، بەڵام ئەو هاووڵاتییەی کە ئەو دەرمانەی فرۆشتووە، بە گوتەی خۆی، "بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییان" ئەو کارەی کردووە.
هەر پارچەیەک لەو دەرمانە لە دوو بۆ سێ حەب، " شروبێکی بکوژ" و دەرمانی نەهێشتنی هێڵنج پێکهاتووە؛ شرووبەکە هیچ دژە دەرمانێکی نەبووە، ئەوەش بە گوتەی دادوەرانی دادگەکە.
دادوەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەگوێرەی بڕی ئەو دەرمانەی ئەلێکس بۆ وڵاتەکەی بردووە، دەبێت ژمارەی قوربانیان نزیکەی 160 ئەوەندەی ئێستا بێت و ئەوەش وەکو "یەکەمین کەیسی" بەو بڕە زۆرە لە وڵاتەکە دادەنێن.
بەکارهێنەرانی ئەو دەرمانە بە ئامانجی مردنێکی بێ ئازار دەرمانەکەیان بەکارهێناوە، بەڵام بە گوتەی کەسێکی نزیکی یەکێک لە قوربانییەکان "ترس و هاوارێکی زۆری هەبووە کە ئەوەش قوربانییەکەی بەرەو مردنێکی پڕ لە ئازار بردووە."
بەلجیکا و هۆڵەندا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2002دا رێگەیان بە خۆکوژی بە گوێرەی یاسادا، بەڵام ئەوەش بە سێ مەرج؛ ئەوەی نەخۆشەکە ئازارێکی زۆری هەبێت، هیچ نیشانەیەکی باشبوونی لێ نەبینرێت و بە بڕیارێکی خۆویستانە داوای ئەوە بکات.