رزگاربوویەک چیرۆکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی یۆنان دەگێڕێتەوە: 11 کەسی کۆبانێی تێدابوو

18-06-2023
هیدایەت جان
عەلی شێخی، رزگاربووی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنان و بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە
عەلی شێخی، رزگاربووی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنان و بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 14ی حوزەیرانی 2023 بەلەمێک لە کەناراوەکانی پیلۆسی یۆنان ژێرئاوکەوت و رزگاربوویەکی کوردی نێو بەلەمەکەش چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، نزیکەی 750 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون.
 
رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023 عەلی شێخی، رزگاربووی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنان میوانی بوولتەنی رۆژئاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات و گوتی، "کاژێر 12ی شەو ئێمەیان لە لیبیا سواری بەلەمێکی سێ نهۆمی کرد و گوتیان دەتانگەیێنینە ئیتاڵیا، بڕیاربوو هەرکەسەو بە 4000 دۆلار بمانگەیێنن، بەڵام کاتێک ویستمان سواری بەلەمەکە ببین گوتیان، دەبێت 500 دۆلاری دیکەش بدەن، دواتر بە بەلەمێکی بچووک گواستینیانەوە نێو بەلەمە گەورەکە و من پارەی زیاترم دا و خستیانمە نهۆمی سەرەوە."
 
عەلی شێخی کە ئێستا لە کەمپێکی یۆنانە دەڵێت، لە رێگە بزووێنەری بەلەمەکە تێکچوو و بەلەمێکی گەورە هات و گوتیان ئەو بەلەمە راماندەکێشێت و دوای دوو کاژێری دیکە دەگەینە سنووری ئیتاڵیا، تەنانەت ئێلەگێکیشیان پێ نەداین بۆئەوەی ئەگەر بەلەمەکە ژێرئاوکەوت بتوانین خۆمان لەسەر ئاوەکە رابگرین."
 
بە گوتەی ئەو رزگاربووە، کاژێر 05:00ی بەیانی بەلەمەکە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و ماوەی پێنج رۆژ لەنێو ئاودا ماوەتەوە، وەکو ئاماژەشی پێدەدات، "رۆژی شەشەم کاژێر 02:00ی بەرەبەیان بەلەمەکە ژێرئاوکەوتووە، ئێمە 11 کوردی خەڵکی کۆبانێ لەنێو بەلەمەکەدا بووین، جگە لە ئێمە خەڵکێکی زۆری تێدابوون، کاتێک ژێرئاوکەوت، من بەسەر خەڵکەکەدا کەوتم و توانیم خۆم رزگار بکەم و لە بەلەمەکە دوور بکەومەوە."
 
عەلی شێخی دەڵێت؛ "لەو 11 کەسەی خەڵکی کۆبانێ پێنج کەسمان رزگارمان بوو و شەش کەس بە ناوەکانی، وەلید محەممەد قاسم، محەممەد فەوزی شێخی، دیار محەممەد، ئەحمەد بۆزان، محەممەد فەرید ئەحمەد و کامەران ئەحمەد چارەنووسیان دیار نییە."
 
قاچاخچییەکەی ئەو کۆچبەرانەی گواستووەتەوە خەڵکی میسر بووە و وەکو عەلی شێخی باسی دەکات، "نزیکەی 750 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون، ئەوەندەی من ئاگادارم، نزیکەی 80 کەسێکیان رزگار کرد، منیش دوای ئەوەی خۆم لە بەلەمەکە دوورخستەوە، زیاتر لە کاژێرێک لەنێو ئاودا مامەوە و بەلەمێک هات و منی دەرهێنایەوە."
 
هێزی دەریایی یۆنان فریای بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە کەوتووە و زیاتر لە 104 کەسی رزگار کردوون، بەرپرسانی یۆنانی دەڵێن نزیکەی 80 تەرمیان لە ئاو دەرهێناونەتەوە و مەزەندە دەکەن بەلەمەکە 400 بۆ 700 کۆچبەری هەڵگرتووە و بە دووریی 80 کیلۆمەتر لە سنوورە ئاوییەکانی پیلۆس ژێرئاو کەوتووە.
 
ئەمڕۆ بە دوو پاس ئەو کۆچبەرانەی رزگار کرابوون، گواسترانەوە بۆ ئەسینا، بەڵام بەر لە گواستنەوەیان لە شاری کالاماتا ناویان تۆمارکرا، عەلی شێخیش یەکێک بووە لەو رزگاربووانە کە بەو پاسە گواستراونەتەوە کەمپێکی ئەسینا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.