چیرۆکی رزگاربووانی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان؛ 'دوو کاژێر بەنێو تەرمی منداڵدا مەلەی کردووە'

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد یەکێک لە 104 رزگاربووەکەی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنانە؛ لە رێگەی گەیشتنی بە ئەوروپا لە لێواری مەرگ نزیکبووەوە، بەڵام گەیشتە ئامێزی فادی برا گەورەی کە چەند ساڵێکە لە هۆڵەندا دەژی.
 
گریانەکەی فادی و محەممەد، لەلایەک لە خۆشیی یەکگرتنەوەیانە و لە لایەکی دیکەش بۆ خوشکەکەیانە کە تائێستا بێسەروشوێنە.
 
فادی، پەناخوازی سووریایی دەڵێت، "خوشکەکەم دیار نییە؛ نازانم لە کوێیە. لەوانەیە لە دەریاکەدا بێت."
 
مەزەندە دەکرێت لە بەلەمەکەدا 400 تاوەکو 750 کۆچبەر هەبووبن کە 100 کەسیان منداڵ بوون؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی 140 کەسیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.
 
ئارێتی گلیزۆ، کارمەندی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات، "دوێنێ سەردانی نەخۆشخانەمان کرد. ئەو چیرۆکەی زۆر شۆکی کردم ئەوە بوو کە پیاوێک بۆی باس دەکردین چۆن توانیویەتی رزگاری ببێت. گوتی: بۆ دوو کاژێر بەنێو تەرمی منداڵدا مەلەی کردووە."
 
تاوەکو ئێستا مردنی 78 کەسی نێو بەلەمەکە یەکلابووەتەوە و گەڕان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەوانی دیکە بەردەوامە، بەڵام تائێستا سەرەداوێک دەستنەکەوتووە و وردە وردە تیمەکان بێ هیوا دەبن.