هەزاران موسڵمانی رووسیا بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە مەککە و مەدینە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە وڵاتی رووسیا و موسڵمانانی ئەو وڵاتەش هاوشێوەی موسڵمانانی جیهان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە؛ بەشێکیش لەوانەی لە مۆسکۆوە دەچنە حەج، خەڵکی ئەو ناوچانەی ئۆکراینان کە رووسیا کۆنترۆڵی کردوون.
 
ئیسلام حەزرەت کۆژیڤنیکۆڤ، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی موسڵمانانی رووسیا دەڵێت، "لە هەموو ناوچەکانەوە، لە مۆسکۆ و کۆمارەکانی داغستان، چیچان و تاتارستانەوە زیارەتکارانی ماڵی خودا هاتوون، تەنیا کێشەی پاسپۆرتمان هەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ سعودیە داوای لە حکومەتی رووسیا کرد رازی ببێت بە پاسپۆرتە کۆنەکانمان زیارەتی مەککە و مەدینە بکەین."
 
ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە رووسیا، لە کۆی 146 ملیۆن رووسی، سەروو 16 ملیۆنیان موسڵمانن کە بەسەر حەوت ناوچەدا دابەشبوون. هەرێمی ئینگۆشیا 98%یان موسڵمانن؛ چیچان 96%ی دانیشتووانەکەی موسڵمانن؛ داغستان 94%؛ گیبەردینۆ 70%؛ چیرکیسیا و بیشکیریا 63% و تاتارستان 54%یان موسڵمانن.
 
بەشێک لەو کەسانەش لە مۆسکۆوە دەچنە سعودیە خەڵکی ئەو ناوچەیەی ئۆکراینان کە لە نزیکەی ساڵ و نیوی رابردوودا رووسیا کۆنترۆڵی کردووە.
 
هادییە خانوم، زیارەتکاری دانیشتووی دۆنباس دەڵێت، "خەڵکێكی زۆر لە دۆنباس دەکوژرێن، پشت بە خودا لە مەککە نزای کۆتاییهاتنی شەڕەکە دەکەین؛ دەبێت ئەو شەڕە بوەستێت."
 
ساڵانە سەرووی 16 هەزار موسڵمانی رووسی لە وەرزی حەجدا زیارەتی مەککە و مەدینە دەکەن.