بەرهەمهێنانی کارەبا لە هۆڵەندا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە 46% زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هۆڵەندییەکان بەو پێیەی جوگرافیایەکی گونجاویان هەیە، بەوە ناسراون کە گرنگی بە وزەی خۆر و با دەدەن؛ ساڵ دوای ساڵ بەرهەمی وزەی پاکیان زیاد دەکات و ئێستا 46%ی بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە زیادی کردووە.
 
لییۆن فان خەیست، شارەزای وزە دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت خەڵک سوود لە وزەی پاک و کەم خەرجی وەربگرن؛ بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی خۆر و با لە پشتبەستن بە سووتەمەنی سەربەخۆمان دەکات."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە هۆڵەندا لە ساڵی 2022 بە رێژەی 46% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 16.8 گێگاوات؛ 6.9 گێگاواتی بەرهەمی خانەی وەرگری وزەی خۆری سەربانی خانوو و باڵەخانەکانە و 9.9 گێگاواتەکەی دیکەی بەرهەمی کۆمپانیاکانە.
 
هاری سخاوتن، هاووڵاتی هۆڵەندی دەڵێت، "دەرفەتێكی بێوێنەیە ببینین هۆڵەندا لەڕووی وزەی پاک و نوێبووەوە هەنگاوی گرنگ دەنێت، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت و دەبێت وزەی خۆر و با شوێنی سەرچاوە کۆنباوەکان بگرنەوە."
 
هۆڵەندا لەسەر ئاستی ئەوروپا لەڕووی بەرهەمهێنانی وزەوە لەڕێگەی خۆرەوە، لە پلەی پێنجەمدایە؛ ئەڵمانیا بە 61 گێگاوات لە پلەی یەکەمە؛ ئیسپانیا بە 32 گێگاوات، ئیتاڵیا 27 و فەرەنسا 19 لە پلەی دووەم تاوەکو چوارەم دێن.