پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا 96 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست رزگار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی کەناراوی ئیتاڵیا 96 کۆچبەریان لە خنکان رزگارکرد کە لە بەلەمێکدا بوون بەرەو هەرێمی کالابریای باشووری ئەو وڵاتە دەچوون.

دوێنێ شەممە، 17-6-2023، پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا کە لە ئەرکی گەڕان بە نێو دەریای نێوەڕاستدا بوون، بەلەمێکی کۆچبەرانیان دۆزیەوە کە دواترد دەرکەوت 96 سەرنشینی تێدایە. تەواوی سەرنشینەکانی بەلەمەکە رزگارکران.
 
بە گوێرەی فەرمانگەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، سەرەتا بەهۆی کەشی دەریا و زۆریی ژمارەی کۆچبەرەکان کە لە نێو بەلەمەکەدابوون، سەخت بووە بتوانرێت تەواوی سەرنشینەکان بە پارێزراوی بگوازنەوە نێو بەلەمەکەی خۆیانەوە.
 
بۆیە ژمارەیەک ئەفسەر چوونە سەر بەلەمی کۆچبەرەکان بۆ ئەوەی هێوریان بکەنەوە و بتوانن بەلەمی کۆچبەرەکان لە بەلەمەکەی خۆیان نزیکبکەنەوە. پاشان بە هاوکاریی تیمێکی پاسەوانی کەناراوەکانی پۆرتوگال کە سەر بە ئاژانسی فرۆنیکس بوون، کارەکە بە سەرکەوتوویی کرا و تەواوی کۆچبەرەکان رزگارکران.
 
ژمارەیەک کەشتیی بازرگانیش هاوکاریی گواستنەوەی کۆچبەرەکانیان بۆ نێو بەلەمی پۆلیس کرد، ئەویش بەوەی بەربەستێکیان لەبەردەم رەشەبای دەریاکەدا دروستکردبوو.
 
لەو کاتەدا ئۆپەراسیۆنەکە نزیک ببووەوە لە کۆتایی، ژنێک کەوتووەتە ئاوەکەوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن مەلەوانەکانەوە رزگارکراوە و گەڕێنراوەتەوە نێو بەلەمی پاسەوانەکان.
 
لە دوای چەند کاژێرێک تەواوی کۆچبەرەکان بە بەلەمی پاسەوانی کەناراوی ئیتاڵیا گەیێنرانە بەندەری رۆسێلا.