نۆ سەیروسەمەرەی ترەمپ لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتندا

 
رووداو - هەولێر

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەدوای دەستلکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی و چوونە دەرەوەی لە کۆشکی سپی، پەرتووکێکی بەناوی (The Room Where It Happened: A White House Memoir) واتە "بیرەوەریی کۆشکی سپی.. ئەو ژوورەی شتەکانی تێدا روویدا" بڵاوکردووەتەوە. لە پەرتووکەکەدا چەندین زانیاریی نهێنی لەبارەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و خودی دۆناڵد ترەمپ ئاشکراکردووە.
 
بڕیارە ئەم پەرتووکەی بۆڵتن لە 23ی حوزەیران بڵاوبکرێتەوە، بەڵام چەند زانیارییەکی نێو پەرتووکەکەی جۆن بۆڵتن لە میدیاکانی ئەمریکا لەنێویاندا لە نیویۆرک تایمز، لە واشنتن پۆست و وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوبوونەتەوەو بەپێی ئەو راپۆرتانەبێت، جۆن بۆڵتن شتی سەیروسەمەرە لەسەر دۆناڵد ترەمپ باسدەکات، بۆ نموونە دەڵێت: ترەمپ وایزانیوە فینلەندا بەشێکە لە رووسیا، سەرۆکی ئێستا و پێشووی ئەفغانستانی لێ تێکەڵبووە، داوایکردووە رۆژنامەڤانان لەسێدارەبدرێن و هەروەها گوتوویەتی ڤەنزوێلا بەشێک بووە لە ئەمریکا و دەبێ داگیری بکەن.
 
نۆ بۆمبەکەی بۆڵتن بۆ ترەمپ: 
 
یەکەم: ترەمپ پێیوابووە فینلاند بەشێکە لە رووسیا
 
بۆڵتن لە پەرتووکەکەدا لە چەندین شوێن باسی لە بێئاگایی دۆناڵد ترەمپ کردووە، بۆ نموونە جارێک گوتوویەتی: فینلاند بەشێکە لە رووسیا. 
 
هەروەها نەیزانیوە بەریتانیا خاوەن چەکی ئەتۆمییە و لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ تیرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا گوتوویەتی ''ئێوەش خاوەنی چەکی ئەتۆمین؟"، چەند جارێکیش ناوی سەرۆکی ئێستا و پێشووی ئەفغانستانی تێکەڵکردووەو بۆی جیانەکراونەتەوە. 
 
دووەم: ترەمپ پێی باش بووە ڤەنزوێلا داگیربکەن
 
لە بەشێکی دیکەی پەرتووکەکەی بۆڵتن باس لەوەکراوە، دۆناڵد ترەمپ جارێک گووتوویەتی: لە راستیدا پێشتر ڤەنزوێلا بەشێک بووە لە ئەمریکا و داگیرکردنی کارێکی باش دەبێت.
 
سێیەم: ترەمپ داوایکردووە رۆژنامەڤانانی ئەمریکا لەسێدارە بدرێن
 
بۆڵتن دەڵێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەممووزی 2019 دۆناڵد ترەمپ داوای لە رۆژنامەڤانێک کردووە سەرچاوەی زانیارییەکانی ئاشکرابکات، رۆژنامەڤانەکەش ئامادەنەبووە سەرچاوەکەی ئاشکرابکات، بۆیە ترەمپ گوتوویەتی ''ئەم خەڵکانە دەبێت لە سێدارەبدرێن، ئەمانە خەڵکانێکی ریسوان".
 
چوارەم: ترەمپ بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئیڤانکا، بەرگریی لە سعودیە کردووە
 
جۆن بۆڵتن باسی لەوەکردووە، ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپ کە هاوکات راوێژکاریەتی، ئیمەیڵی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری حکومەت بەکارهێناوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرترین رەخنەی لە هیلاری کلینتنی رکابەری گرت لەسەر بەکارهێنانی ئیمەیڵی تایبەت بۆ کاروباری حکومەت. بۆڵتن دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ تاوەکو سەرنجی میدیاکان و خەڵک لەسەر ئیڤانکای کچی لابدات، راگەیێندراوێکی دەرکردووە لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی و بەرگریی لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کردووە، کە تۆمەتبار بووە بە کوشتنی خاشقچی. 
 
پێنجەم: پۆمپەیۆ گاڵتەی بە ترەمپ کردووە
 
بۆڵتن دەڵێت، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە گەورەترین دیپلۆماتکاری دۆناڵد ترەمپە، لە پشتی ترەمپەوە گاڵتەی بە هەوڵەکانی سەرۆک کردووە. بەتایبەت لەدوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لەساڵی 2018، پۆمپەیۆ بە ترەمپی گووتووە ''کەسێکی زۆر گەمژەیە" و دواتریش گوتوویەتی "ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ لە هەوڵەکانی لەگەڵ کۆریای باکوور سفرە".
 
شەشەم: ترەمپ داوای هاوکاریی لە سەرۆکی چین کردووە 
 
بەپێی ئەو چەند زانیارییانەی لەسەر پەرتووکەکەی بۆڵتن لەلایەن میدیاکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی چین کردووە دەسەڵاتە ئابوورییەکەی بەکاربهێنێت، تاوەکو بتوانێت لە خولی دووەم ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.
 
بۆڵتن دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیدا لە پەراوێزی لووتکەی G20، ترەمپ ئەو داوایەی لە شی جینگ  پینگ، سەرۆکی چین کردووە و کاتێکیش شی رازی بووە بە دڵی ترەمپ قسەبکات، دۆناڵد ترەمپ، شی جینگ پینگی وەک مەزنترین سەرۆک لە مێژووی چین ناوبردووە. 
 
حەوتەم: ترەمپ ئامادەیە بۆ زیاتر لە دوو خول سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکات
 
بەپێی یاسا هیچ سەرۆکێک لە ئەمریکا بۆی نییە بۆ زیاتر لە دوو خول سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات، کە ماوەی هەر خولێکیان چوار ساڵە. جۆن بۆڵتن لە پەرتووکەکەیدا نووسیوویەتی: کاتێک پەرلەمانی چین، سنوورداریی ماوەی سەرۆکایەتی لەسەر شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین لابردووە، دۆناڵد ترەمپیش پشتیوانی لەو بیرۆکەیە کردووە، بەتایبەتیش کاتێک سەرۆکی چین بە ترەمپی گوتووە، لە ئەمریکا چەندین هەڵبژاردن دەکرێن، بەڵام ئەو حەز دەکات لەگەڵ ترەمپ کاربکات و ترەمپ لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە، دۆناڵد ترەمپیش بە سەرلەقاندن پشتیوانی بۆ قسەکەی سەرۆکی چین دەربڕیوە.
 
هەشتەم: ترەمپ هەوڵیداوە لێکۆڵینەوەکان لە تاوانباران رابگرێت
 
بۆڵتن لە پەرتووکەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، چەندین کەیس هەبوون کە ترەمپ لەپێناو رازیکردنی دڵیان، هەوڵیداوە لێکۆڵینەوەکان لە تاوانباران رابگرێت.
 
بۆڵتن لەم پەرتووکەیەدا دەڵێت: لە ئایاری 2018 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نامەیەکی بۆ ترەمپ ناردووە و پێیگوتووە، محەممەد ئاتیلا، جێگری سەرۆکی هالک بانک بێتاوانە، ترەمپیش بە هاوتا تورکەکەی گوتووە، ئەو ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات، هەر کاتێک ئەو دادوەرانە گۆڕان کە سەر بە باراک ئۆبامان و دادوەرەکانی نزیک لە خۆی دەستبەکاربوون.
 
نۆیەم: ترەمپ پشتیوانیی لە زیندانیکردنی موسڵمانانی ئیگۆر کردووە
 
بەپێی پەرتووکەکەی جۆن بۆڵتن، دۆناڵد ترەمپ، قسەکانی شی جینگ پینگ، سەرۆکی چینی پەسەندکردووە کاتێک سەرۆکی چین لە قسەکانیدا بەرگریی لە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە بۆ زیندانیکردنی موسڵمانانی ئیگۆر لە کامپەکانی دەستبەسەرکردندا. ترەمپ بە هاوتا چینییەکەی گوتووە، پێویستە لە دروستکردنی کامپەکاندا بەردەوام بیت.