ئەمریکا بۆ هاوڕەگەزخوازان: ئاگاداری خۆتان بن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا هۆشداری دەدات لە مانگی حوزەیراندا مەترسیی هێرشکردنە سەر خەڵکی هاوڕەگەزخواز هەبێت. داوا لە هاوڕەگەزخوازەکانی وڵاتەکەی دەکات ئاگاداری خۆیان بن.
 
رۆژی هەینی 17-05-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئاگاداری ئەو هەوڵانەی تووندوتیژین کە ئیلهامیان لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەرگرتووە بۆئەوەی هێرش بکەنە سەر هاوڕەگەزخوازەکان. داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکا و دەرەوە دەکەین وریای خۆیان بن."
 
مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە (مانگی شانازی - Pride Month) ناسراوە، کە تێیدا پشتگیری لەوانە دەکرێت كە هاوڕەگەزخوازن و پێیان دەگوترێت LGBTQI+.
 
لە هۆشدارییەکی هاوشێوەدا، لە 10ی ئەم مانگە، دەزگەی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا - FBI و وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا رایانگەیاند، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرووپێک بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی داوای لە ئەندامەکانی کردووە هێرش بکەنە سەر هاوڕەگەزخوازان."
 
دەزگەی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا باسی لەو سێ کەسە کرد کە ساڵی پێشوو لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستگیر کران و بە "هاوسۆزی دەوڵەتی ئیسلامی" ناوی بردن. ئێف بی ئای گوتی، ئەو سێ کەسە پلانیان دانابوو بە چەقۆ هێرش بکەنە سەر کۆمەڵێک هاوڕەگەزخواز کە رێپێوانێکیان رێکخستبوو.
 
لە حوزەیرانی 2016ـش، ئەمریکا یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی مێژووی بەخۆیەوە بینی. کەسێک بە چەک هێرشی کردە سەر یانەی شەوانەی پەڵس کە تایبەتە بە هاوڕەگەزخوازان لە شاری ئۆرلاندۆ لە ویلایەتی فلۆریدا. چەکدارەکە لە هێرشەکەدا 49 کەسی کوشت.
 
ئەو کەسەی هێرشەکەی کرد ناوی عومەر مەتین بوو، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیس، کوژرا.
 
مانگی شانازی لە نزیکەی 100 وڵات پشتگیریی دەکرێت و رێپێوان و فێستیڤاڵیان بۆ رێکدەخرێت.
 
لە هەندێک وڵاتی ئەورووپاش رێگە بە هاوسەرگیریی هەمان رەگەز نادرێت، لەوانەش: ئەرمینیا، بێلاڕووس، بولگاریا، جۆرجیا، هەنگاریا، لاتڤیا، لیتوانیا، مۆڵدۆڤا، پۆڵەندا، رووسیا، سێربیا، سلۆڤاکیا و ئۆکراینا.