ئەو کلێنسەی یەکەم گرێبەستی مێسیی لەسەر واژۆ کرا بە زیاتر لە 96 دەفتەر دۆلار فرۆشرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کلێنسەی یەکەم گرێبەستی نێوان مێسی و یانەی بارسێلۆنای لەسەر واژۆ کرا، ناوی لێنراوە "کلێنسە بەنێوبانگەکە." کلێنسەکە چەند رۆژێک بوو لە مەزادخانەی بۆنهامس لە لەندەن دانرابوو، نرخی سەرەتایی 379 هەزار دۆلار بوو، بەڵام بە 965 هەزار دۆلار فرۆشرا.
 
ئیەن ئێلینگ، بەڕێوەبەری کتێب و دەستنووسەکانی بۆنهامس دەڵێت، "ئەمە کلێنسێکی زۆر زۆر تایبەتە. ئەم کلێنسە یەکەم گرێبەستی نافەرمیی نێوان یانەی بارسێلۆنا و لیۆ مێسییە کە لە ساڵی 2000دا نووسراوە. ئەوکات سێ بەڕێوەبەری وەرزشی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی تۆمارکردنی مێسی لە بارسێلۆنا کرد."
 
گرێبەستەکە لە 14-12-2000 لە قاوەخانەی یاریگەیەکی تێنسی شاری بارسێلۆنا واژۆ کرا. دوای ئەوەی خۆرخێی باوکی مێسی هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر گرێبەستێک واژۆ نەکەن، کوڕەکەی دەباتەوە بۆ ئەرجەنتین. هۆکاری تووڕەبوونەکەی، دواخستنی کۆبوونەوەکان و دوودڵیی کارگێڕیی بارسێلۆنا بوو.
 
کلێنسەکە واژۆی هەریەک لە هۆراشیۆ گاگیۆلی، بریکار؛ جۆزێف مینگوێلا، راوێژکاری وەرزشیی بارسێلۆنا و کارلۆس رێشاک، بەڕێوەبەری ئەوکاتی وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای لەسەرە.
 
بەڕێوەبەری کتێب و دەستنووسەکانی بۆنهامس دەڵێت، "شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە گاگیۆلیی بریکار کلێنسەکەی هەڵگرت، چونکە پێیوابوو ئەمە دەبێتە یادەوەرییەکی زۆر نایابی ئەم گرێبەستە. ئەو نەیدەزانی ئەمە چ شتێکی مەزنی لێ دروست دەبێت. ئەم کلێنسە بریتییە لە گەشانەوەی ئەستێرەی مێسی و پەیوەندییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا."
 
مەزادخانەی بۆنهامس دەڵێت، گاگۆلی خاوەنی کلێنسەکەیە و پارەی کلێنسەکەش بۆ ئەو دەبێت.
 
ئەوکات لیۆ تەمەنی 13 ساڵ بوو. کارلۆس رێشاک داوا لە کارگوزارێکی قاوەخانەکە دەکات کاخەزێکی بۆ بێنێت، بەڵام لەبەر نەبوونی کاخەز، بە قەڵەمێکی شین لەسەر کلێنس گرێبەستەکە واژۆ دەکەن.
 
یەکەم یاریی فەرمیی مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا لە ساڵی 2004 بوو؛ کوڕە ئەرجەنتینییەکە 17 وەرزی لەسەریەک لەو یانەیە یاریی کرد و سەردەمێکی زێڕین و لەبیرنەکراوی بۆ یانەکە، هاندەرانی و هەموو جیهان نووسییەوە. توانیی 672 گۆڵ تۆمار بکات و ببێتە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە، ئەمەش جگە لە بردنەوەی 34 نازناو.
 
دوایین یاریی مێسی لە یانە کەتەلۆنییەکە لە 16-05-2021 بەرامبەر یانەی سێلتاڤیگۆ بوو، تێیدا بە لێدانێکی سەر دوایین گۆڵی خۆی تۆمار کرد و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە یانە و شار و هاندەرانی بارسێلۆنا کرد.
 
دوای بارسێلۆنا، مێسی بۆ ماوەی دوو وەرز رووی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی کرد و سێ نازناوی دیکەی خستە سەر نازناوەکانی. ئێستاش لە ریزی یانەی ئینتەر مەیامی لە خولی ئەمریکی بەردەوامە لە کاروانە وەرزشییەکەی.