پلاسخارت: راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان سەدان ملیۆن دۆلار زیانی هەبووە

18-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەوکان لە عێراق، راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی دۆخی سیاسی، ئابووری و ژینگەیی عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. پلاسخارت لەبارەی کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنیان کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18-5-2023، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەوکان لە عێراق، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی ژمارەیەک کێشە و قەیرانی کرد کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستان و عێراقیان گرتووە. ئەو مژارانەی باسیکردن پێکهاتبوون لە یاسای نەوت و گاز، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.
 
کێشەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن
 
جێنین پلاسخارت لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی رایگەیاند، "ناکۆکی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە چەند مانگی رابردوودا هەرێمەکەیان بردووەتە سەر لێواری کەوتن". هاوکات، باسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆکردنەوەی تەواوی لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و نزیککردنەوەی یەكێتی و پارتی کرد و رایگەیاند، "هەوڵی بەردەواممان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەوانی دیکەوە بینیوە تاوەکو لایەنەکان بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پلاسخارت ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆتاییدا بووە هۆی هەندێک هەواڵی دڵخۆشکەر. دوای زیاتر لە 6 مانگ کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە کۆبووەوە".
 
پلاسخارت لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام "ئێستا رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی [کوردستانەوە] دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دانراوە."
 
هاوکات، داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بە زووترین کات لەسەر جیاوازییەکانیان لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان رێکبکەون و هۆشداریشیدا لەوەی "دواخستنێکی دیکەی هەڵبژاردنەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی رای گشتی."
 
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و یاسای نەوت و گاز
 
لە راپۆرتەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، جێنین پلاسخارت باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد و رایگەیاند، "تێبینیم کردووە پەیوەندییەکان وەک باش باس دەکرێن، بەڵام ئاڵۆزن." 
 
گوتیشی، ئەو کێشانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە بەغدا کردووە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان و عێراق بە زوویی کار لەسەر کێشەکانی بودجە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 2020ی شنگال، ناوچە کێشەلەسەرەکان و سەرچاوەکانی نەوت و گاز بکەن. 
 
پلاسخارت رایگەیاند، لە 10ی ئایار، حکومەتی عێراق داوای لە تورکیا کرد هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە." هاوکات گوتیشی، لەبەرئەوەی لە 25ی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوت راوەستاوە، "مەزەندە دەکرێت سەدان ملیۆن دۆلاری داهات لەدەست چووبێت."
 
رێککەوتنی شنگال
 
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی شنگالەوە دەڵێت "بێ ئومێدە". باس لەوەش دەکات، هەرچەندە لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی 2020ی شنگال لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەبڕن، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە.
 
هاوکات، ئەو مەترسییەشی خستەڕوو، جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە "رووبەرێکی فراوانتر بۆ گێرەشێوێنان کە باکگراوندی جیاوازیان هەیە دەکاتەوە. تاوەکو دۆخەکە بۆ ژێر دەستی خۆیان بقۆزنەوە. بەو هۆیەشەوە هەزاران شنگالی ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان".
 
پلاسخارت، باسی رووداوەکەی 27ی نیسانی ئەمساڵی شنگالی کرد، کاتێک ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی ئێزدی خۆپێشاندانیان لە دژی گەڕانەوەی 40 خێزانی عەرەبی هاوردە کرد و هێرشکرایە سەر مزگەوتێک. دواتر کاردانەوەی لەنێو خەڵک و بەتایبەت موسڵمانان لێکەوتەوە، بەڵام کەسایەتییە دیارەکانی کوردی ئێزدی رەتیانکردەوە ئەو کارەیان کردبێت. 
 
پلاسخارت دەڵێت، "زیادبوونی گرژی لە نێوان کۆمەڵگەکاندا لە شنگال، بەشێکی زۆری بەهۆی ئەو زانیارییە ناڕاستانەوە بوو کە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بڵاودەکرانەوە."
 
تاوەکو ساڵی 2035 عێراق توانای دابینکردنی تەنیا %15ی پێداویستی ئاوی دەبێت
 
پلاسخارت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کەمی و خراپیی دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کرد و دەڵێت، ئێستا ئاو دۆخێکی هەستیاری لەناکاوە بۆ عێراق.
 
بە گوێرەی پلاسخارت، "پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2035 عێراق تەنیا توانای دابینکردنی %15ی پێداویستی ئاوی دانیشتووانەکەی هەبێت. %90ی رووبارەکانی عێراق پیسبوون و 7 ملیۆن کەس ئێستا دەستیان بە ئاوی پێویست ناگات."
 
هەروەها باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق وەک ئەرکێکی لەپێشینە لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو دەڕوانێت. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری نەبوونی ئاوی پێویست، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و دانیشتووانی شارەکان و دابەشنەکردنی سەرچاوە ئاوییەکانە بەشێوەیەکی یەکسان لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی دا.
 
پلاسخارت گوتی، "دابەشکردنی سەرچاوەکان لەلایەن دراوسێکانی عێراقەوە گرنگە. ئەگەر ئاو بۆ رکابەری بێت، هەموو دەدۆڕێن." داوای لە عێراق و دراوسێکانی کرد کاری بەرچاو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتە ناوچەییەکان بۆ چارەسەرکردنی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بکەن.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".