مۆڵدۆڤا داوا دەکات ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مۆڵدۆڤا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت "بە زووترین کات" ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەیە لە هەڕەشەکانی رووسیا. دەشڵێت، هیوادارە لە مانگی داهاتوودا گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەندامێتیی مۆڵدۆڤا لە یەکێتیی ئەوروپا دەستپێبکات.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئایاری 2023، مایا ساندو، سەرۆکی مۆڵدۆڤا لە هەڤپەیڤینێکدا بە ئاژانسی فڕانس پرێسی راگەیاند: "مۆڵدۆڤا دەیەوێت بەزووترین کات ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە هەڕەشەکانی رووسیا پارێزراو بێت."
بڕیارە لە یەکی حوزەیرانی ئەمساڵ، مۆڵدۆڤا یەکەمین لووتکەی تایبەت بە "ئەوروپایەکی فراوانتر" لە وڵاتەکەی ببەستێت و سەرکردەی هەر 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا بەشداری بکەن و گفتوگۆ لەسەر ئەندامبوونی مۆڵدۆڤا لە یەکێتییەکە بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 16-5-2023، ساندو لە کۆنفڕانسی لووتکەی ئەنجوومەنی ئەوروپا، رایگەیاند، بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا تاکە گەرەنتییە کە مۆڵدۆڤا لەوە دەپارێزێت ببێتە ئامانجی داهاتووی رووسیا، چونکە رووسیا ژمارەیەک سەربازی لە ناوچەیەکی نزیک سنوورەکان جێگیرکردووە. گوتیشی: "ئێمە لە مەترسییەکە تێدەگەین، پێمانوایە کە دەتوانین تەنیا بە بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، دیموکراسییەکەمان رزگار بکەین."
ساندوی سەرۆکە 50 ساڵییەکەی مۆڵدۆڤا، لە شوباتی ئەمساڵ رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد، کە خەڵکی مۆڵدۆڤا هاندەدات کودەتا دژی حکومەتەکەیان بکەن.
مۆڵدۆڤا لە ئاداری 2022، داواکاریی پێشکەش بە یەکێتیی ئەوروپا کرد بۆ بوونە ئەندام لێی و لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا یەکێتییەکە مۆڵدۆڤای وەکو کاندید پەسند کرد.
مۆڵدۆڤا هیچ سنووری لەگەڵ رووسیا نییە؛ لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئۆکراینا هاوسنوورە و لە رۆژئاواشەوە رووباری پرووت لە رۆمانیا جیای دەکاتەوە.
چەند بەربەستێک لەبەردەم مۆڵدۆڤا هەن بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا؛ لەوانەش گەندەڵی، ئابوورییە خراپەکەی و ناوچەی ترانسنیستریا کە زیاتر لە 30 هەزار لایەنگری رووسیای لێدەژیت و لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤییەت بەناوچەیەکی کێشەلەسەر دادەندرێت.