ئینجیلێک بە 38 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هەزار و 100 ساڵ تەمەنی کۆپییەکی ئینجیلە کە لە بەرگێکی لە چەرم دروستکراودا پارێزراوە و دێڕەکانی بە زمانی عیبری بەدەست نووسراون و بە روونی ماونەتەوە. ئینجیلەکە بە یەکێک لە کۆنترین دەستنووسەکانی کتێبی پیرۆزی کرستیانەکان دادەنرێت، هەر ئەوەش وایکرد بە 38 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت. 
 
شارۆن لیبەرمان مینتز، پسپۆرە لەبواری دەستنووسەکان و دەڵێ "ئەوەی دەیبینن، ئینجیلێکە کە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە دەوروبەری ساڵی 900ـی زایینی لە خاکی ئیسرائیل یان سووریا نووسراوە. پێش ئەمە، چەند بەشێکی ئینجیل تەنیا لە چەند دەستنووسێکی لوولدراوی دەریای سووردا بەدەرکەوتبوون".
 
ئینجیلەکە لەلایەن باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا بۆ رۆمانیا، ئەلفرێد مۆزسەوە کڕدراوە بۆ ئەوەی بە مۆزەخانەی ANUـی خەڵکی جوو بدرێت کە لە تەلئەڤیڤە. 
 
شارۆن لیبەرمان مینتز هەروەها دەڵێ "ئینجیلەکە لەسەر پێست نووسراوە. لە لایەن یەک نووسەرەوە بە دەست لەسەر 792 لاپەڕەدا نووسراوە. پێست ئەو کاتە زۆر گرانبەها بووە و بۆ نووسین بەکاردەهات".
 
پەڕەکانی ئەم پەرتووکە دێرینە لە پێستی سەرووی 100 ئاژەڵ دروستکراون. 
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی نووسراوی ئینجیلەکە، شارۆن دەڵێ "لێکۆلینڤانەکان لەم ئینجیلەیان کۆڵیوەتەوە، زۆر زۆر نزیکە یان هاوشێوەی ئەو ئینجیلەیە کە ئەمڕۆ هەمانە. راستییەکەی، بە هەمان ئەو نووسینە عیبرییە چوارگۆشەییە نووسراوە کە لوولدراوەکانی تەوراتی پێ نووسراوە، کە ئەو شێوە نووسینە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بەکارهاتووە. ئەگەر بتوانی نووسینی عیبری بخوێنیتەوە، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانی ئەم ئینجیلە بخوێنیتەوە". 
 
مێژووی نووسینی ئەم ئینجیلە دەگەڕێتە بۆ نێوان ساڵەکانی 880 بۆ 960ـی زایینی و پەرتووکەکە بە ناوی کۆدێکس ساسوونەوە کراوە. 
 
ئەم ناوە لە ساڵی 1929 پێی دراوە، دوای ئەوەی لە لایەن دەیڤد سۆلۆمۆن ساسوون، کوڕی گەورە بازرگانێکی جووی عێراقی کڕدرا کە ماڵەکەی پڕکردبوو لە دەستنووسەکانی ئایینی جوو. 
 
دوای ساسوون، ئینجیلەکە لەلایەن کۆمپانیایێکەوە بە 320 هەزار دۆلار فرۆشرایە کۆمپانیایێکی بەریتانی. ساڵی 1989 جارێکی دیکە بە 3.19 ملیۆن دۆلار فرۆشرایە بازرگانێک بە ناوی جاک سافرا، ئەویش رۆژی چوارشەممە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشتییەوە.