شاندی پارێزگای هەولێر بەشداریی دانیشتنی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیل دەکات


رووداو-ناشڤیل

گفتوگۆکان بۆ بەدەستەخوشکبوونی شاری هەولێر ناشڤیڵ بەردەوامن. یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانیش، کۆبوونەوەی شاندی پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرۆکشارەوانی ناشڤیڵ بوو، هەروەها دواتریش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەکە کۆبوونەوە.
 
جیم شەڵمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری ناشڤیڵ دەڵێت، ''ئێستا پەیوەندیمان هەیە.. زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەین، ئەوەی هەوڵیشی بۆ دەدەیت، دروستکردنی پەیوەندیی ئابوورییە، پەیوەندیی کولتوورییە، ئاڵوگۆڕی خوێندکارانە، ئێمە لە ناشڤیڵ مێژوونووسمان هەیە، پێموایە رەنگە زۆر حەزبکەن سەردانی هەولێر بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو مێژووە بکەن کە لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها پەیوەندیی پەروەردەییش، هەموو ئەو شتانە دەکرێن.''
 
شاندی پارێزگای هەولێر بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیلی کرد. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
کەنعان خەیلانی، ئەندامی شاندی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا بەشدارییان کردووە و توانیویانە سوود وەربگرن لەوەی کە ئەندامانی ئەنجوومەنی ناشڤیل چۆن کار لەسەر داواکاریی خەڵکی شارەکە دەکەن.
 
ئێستا لێکتێگەیشتنی زۆر لەنێوان هەردوو شارەکەدا هەیە و بڕیارە لە داهاتوودا ژمارەیەک کۆبوونەوە دیداری دیکە بۆ هەمان مەبەست بکرێن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە کە شاندێک لە شارەوانیی ناشڤیل سەردانی هەولێر بکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بوونە دەستەخوشکی ناشڤیل و هەولێر بکەن.