فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتوون؟

18-04-2025
ژمارەیەک کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز.
ژمارەیەک کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەم رۆژانەدا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیز دەپەڕنەوە، رێککەوتوون. بەڵام دیاسپۆرا بەدواداچوونی بۆ کردووە و دەرکەوتووە راست نییە. 
 
لە میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوە بڵاوبووەتەوە کە فەرەنسا و بەریتانیا رێککەوتوون لەسەر ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا. بەدواداچوونی ئەم بەرنامەیە دەریدەخات ئەمە راست نییە. بۆیە ئەوانەی لە بەریتانیان و لەو هەواڵە ترساو و نیگەرانن، بێخەم لێی بنوون.
 
بەڵام کە راست نییە، خۆ هیچ دووکەڵێک بێ ئاگر نابێ! کەواتە ئەو هەواڵە لەکوێوە هاتووە؟ راستییەکەی ئەوەیە کە تازە بە تازە بەریتانیا و فەرەنسا دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەسەر ئەوەی ئەگەر شتێکی وا بکەن، چۆن دەبێ؟ حکومەتی ئێستای بەریتانیا لەژێر گوشاری گەورەی نێوخۆییدایە. چونکە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە و بەو چوار مانگە زۆرتر لە 9 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک هاتوونەتە نێو بەریتانیاوە. 
 
تەنیا ئەم هەفتەیە و تەنیا رۆژی سێشەممە، 705 کەس پەڕیونەتەوە. ئەم ساڵ بە بەراورد بە پار و پێرار ژمارەیەکی زۆر زیاتری کۆچبەران گەیشتوونەتە ئەوبەر. 
 
بۆیە حکومەتی بەریتانیا دەیەوێ لەگەڵ فەرەنسییەکان قسە لەسەر ئەوە بکات کە چۆن و بە کام رێگەی یاسایی کۆچبەران دیپۆرتی فەرەنسا بکاتەوە. 
 
فەرەنسییەکان باسی دەیانەوێ لەگەڵ بەریتانییەکان لەوە بکۆڵنەوە کە لەبەرامبەر هەر کۆچبەرێک کە دیپۆرت دەکرێتەوە و وەریدەگرنەوە، یەکێک بنێردرێتە بەریتانیا کە کەسوکاری لەوێیە و لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی خێزاندا گرنگە بگەنەوە یەکدی. 
 
بۆ نموونە کەسێک کە لە بەریتانیا مافی مانەوەی وەرگرتووە و هاوژین و منداڵەکانی لە فەرەنسان. بەڵام ئەمە هێشتا تەنیا قسەیە و دانوستاندنی جیدیشی لەسەر نەکراوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە