نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 34 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن رێکخراوی تاڵیبانەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین لە ئەفغانستان بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.
ئاژانسی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لەدوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانسان لە ئابی ساڵی 2021 و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوکارییە مرۆییەکانییان بۆ ئەفغانستان راگرتووە؛ ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر رەوشی مرۆیی لە وڵاتەکە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزکردووەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسەکە، 34 ملیۆن ئەفغانی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە دەکاتە نزیکەی 80٪ ئەفغانییەکان.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو کاتەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات "بەشێک لە ئەفغانستانییەکان ناچاربوون موڵک و ماڵی خۆیان بفرۆشن بۆ ئەوەی بتوانن خۆراکی پێ بکڕن. بەشێکی دیکەش ناچار بوون منداڵەکانیان بخەنە سەر کار یان کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا بەشوو بدەن."
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای ئەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە کانوونی یەکەمی 2022دا بڕیاریدا کچان و ژنان نابێ لە ئەفغانستان کار بکەن، زیاتر لە 150 رێکخراو و ئاژانسی مرۆیی وەکو ناڕەزایی دژی بڕیارەکە کارەکانیان لەو وڵاتە هەڵپەسارد.
ئاژانسەکە دەشڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە کانوونی یەکەمی 2021 تاوەکو کانوونی دووەمی 2023، نزیکەی ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ئەفغانستان لە مووچەی کارمەندەکان و ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان خەرجکردووە و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی تاڵیبانەوە ئاسانکارییان بۆ نەکرێت ئەوا بڕی هاوکارییەکان کەمدەکەنەوە، ئەوەش بارگرانی زیاتر دەخاتە سەر هاووڵاتییانی ئەفغانستانی.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەت لەوەی کە ساڵی داهاتوو لە ئەفغانستان هەڵاوسان زۆر بەرزدەبێتەوە و ژیانی هاووڵاتییان قورستر دەکات.
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن چەکدارانی تاڵیبان لە ساڵی 2021، وڵاتان بەردەوام هۆشدارییان لەبارەی رەوشی مرۆیی لە ئەفغانستان داوە و هۆشدارییان بە تاڵیبان داوە کە رێگری لە کاری رێکخراوە خێرخوازی و مرۆییەکان نەکات.
هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، رێبەری تاڵیبان لە 14ـی نیسانی 2023 لە گوتارێکیدا لەبەردەم هەزاران کەس گوتی، "بەرەوپێشبردنی ئەفغانستان ئەرکی ئەفغانییەکانە. نابێت پشت بە کەسی دیکە ببەستین".