سەرۆکی ئێران بۆ ئیسرائیل: بچووکترین هەڵە بکەن حەیفا و تەلئەبیب لەنێو دەچن

18-04-2023
فواد حەقیقی
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی نمایشی سەربازیدا گوتار دەدات
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی نمایشی سەربازیدا گوتار دەدات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نمایشی سەربازیی ئێران لە دەریا، ئاسمان و وشکانی لە رۆژی سوپادا بەڕێوەچوو. سوپای ئێران لەو رۆژەدا هێز و تواناکانی خۆی لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.
 
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "بێگومان سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیمبولی هێزی رووخێنەری گەلی ئێرانە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو هەڕەشەکان."
 
بەڵام لە ئێران سوپا پەراوێز خرا، لە بەرامبەردا گرنگی بە سوپای پاسداران درا، کە هێزێکی ئایدیۆلۆژییە. ئەگەرچی لە پێکهاتەی سوپاشدا گۆڕانکاری هاتە ئاراوە، بەڵام ئەو دوو هێزە هێشتا پێکەوە جیاوازییان هەیە.
 
نمایشی سەربازیی سوپا بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەچوو، کە هەڕەشەی لە دووژمنانی ئێران و لە سەروویانەوە ئیسرائیل کرد.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "هێزە چەکدارەکان و سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی سەخت بە بچووکترین جووڵە و هەوڵ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە. ئاگادار بن، ئەگەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئاسایشی ئێراندا بچووکترین هەڵەیەک بکەن، حەیفا و تەلئەبیب لەنێو دەچن."
 
ئێران، ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێ. لە رکەبەرایەتیی ئێران و ئیسرائیلیشدا، ئەوە ئیسرائیل بووە کە دەستی باڵاتری بووە. زۆرجاران ناوەندە سەربازی و تەنانەت کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، ئێران ئیسرائیلی پێ تۆمەتبار کردووە، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردووە، بەڵام لە کردەوەدا شتێکی ئەوتۆ رووینەداوە.
 
وادیارە ئێران لە رێگەی گرووپە چەکدارە بە وەکالەتەکانیەوە هەوڵ دەدات ئەمن و ئاسایشی ئیسرائیل تێکبدات؛ کە ئیسرائیل زۆر جاران لە خاکی وڵاتانی دیکەدا بە ئامانجی گرتوون، بەڵام هاوکات ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب قۆناخێکی نوێی دەستپێکردووە، قۆناخی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و وازهێنان لە ململانێی مەترسیدار، کە دەیتوانی ئاگری شەڕێک هەڵبستێنێت.
 
سەرەڕای ئەمە ئیبراهیم رەئیسی دیسان داوای کرد ئەمریکا ناوچەکە چۆڵ بکات و گوتی، "هێزە چەکدارەکانمان بۆ ناوچە ئاسایش دەخوڵقێنێت. پەیامی هێزە چەکدارەکان و رۆژی سوپا ئاشتی و دۆستایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەیە. پەیامی سوپا و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێزە بێگانەکانی ناوچە، بەتایبەت هێزە ئەمریکییەکان: بە خێرایی لە ناوچە بڕۆن."
 
سەرەڕای ئەوەی ئێران و وڵاتانێکی وەکو عەرەبستان لە مانگی هەنگوینیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان، رەنگە بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پەیامانەدا بکەن، ئەوان پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، ئەمریکا یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی ئاسایشیان، جگە لەوەش هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی ئێستا پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ ئیسرائیلیشدا هەیە.
 
هەڕەشەکانی ئێران ئاسایشی بۆی دابین نەکردووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا زۆر بە زیانی شکاوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە