ئەمریکا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان سعودیە و ئیسرائیل دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی حەوت ساڵە دەرگای باڵیۆزخانەی ئێران لە ریازی پایتەختی سعودیە داخراوە؛ بە رێککەوتنی دوو وڵاتەکە، ئومێد هەیە جارێکی دیکە بکرێتەوە دەرگای باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز بکرێتەوە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "پەیوەندیی سیاسیی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بە کردەوە دروستبووە. ئێستا دەتوانین بڵێین پەیوەندییە سیاسییەکان چالاک کراونەتەوە، ئێستاش لە هەوڵداین بۆ کاراکردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان."
 
نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران لەژێر چاودێریی چین، وایکردووە ئەمریکا هەوڵەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چڕتر بکاتەوە؛ هەربۆیە شاندێکی ئەمریکا هەر زوو خۆیان گەیاندە ئیسرائیل، ئەوەش بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە.
 
لیند گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، "بە سعودیەم راگەیاند، حەز دەکەم پەیوەندییەکەمان بەرز بکەینەوە. دەبێت بە شێوەیەک بیکەین کە دڵنیاکەرەوە بێت بۆ هاوڕێکانمان لە ئیسرائیل. دەمەوێت یارمەتیی سەرۆک بایدن بدەم. بە شازادەی جێنشینم گوت: باشترین کات بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکە ئێستایە، کە سەرۆک بایدن زۆر حەزی لە دروستکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سعودیە. هەربۆیە لێرەم. هەوڵێکی زۆری دەوێت، بەڵام کارەکە شایەنی ئەو هەوڵانەیە."
 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئیسرائیل لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، ئیسرائیلییەکان نەیانشاردووەتەوە رێککەوتن لەگەڵ سعودیە هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی ئەوەندە دوور نییە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئاساییبوونەوە و ئاشتیمان لەگەڵ سعودیە دەوێت. ئەوە بە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەبینین بۆ بەرەوپێشچوون بەرەو کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل. ئەو رێککەوتنە دەتوانێت لێکەوتەی گەورە و دەرئەنجامی مێژوویی هەبێت بۆ ئیسرائیل، سعودیە، بۆ ناوچەکە و بۆ جیهانیش. بۆیە پێشوازی لە بەشداریکردنی ئەمریکا دەکەین."
 
لە ئەیلوولی 2020ـەوە و لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئەبراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، تائێستا چوار وڵاتی عەرەبی لەوانەش ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە؛ بێجگە لەوەی پێش ئەو رێککەوتنەش ئیسرائیل پەیوەندیی لەگەڵ هەریەک لە میسر و ئوردن هەبوو.