فەرەنسییەکان بە مەنجەڵ کوتین ناڕەزاییان دژی یاسای خانەنشینی دەربڕی

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی پێشکێشکردنی گوتار لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە و بەشێک لە فەرەنسییەکان ناڕەزاییان دەربڕی و بە مەنجەڵ کوتین ژاوەژاویان دروستکرد بۆئەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر گوتارەکەی سەرۆکەکەیان لابدەن.
 
فەرەنسییەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە چوونە سەر شەقام و بە مەنجەڵ کوتین ناڕەزاییان دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ دەربڕی.
 
تریستان پیگنارد، هاووڵاتیی فەرەنسی دەڵێت، "ئێمە بێزار بووین لە گوێگرتن بۆ سەرۆک و دەشزانین هیچ رێزێک لە رای گشتی ناگرێت. بۆیە ئامانجمان دروستکردنی ژاوەژاوە بۆئەوەی هەر گوێمان لە دەنگی نەبێت."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی فەرەنسی بەناوی ناتالی ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر پەستم هێندەی پشتگوێ بخرێین، چونکە ئەم کۆمەڵگەیە بۆ من گونجاو نییە. دەمەوێت کۆمەڵگە بگۆڕم. دادپەروەریی زیاتر و یەکسانیی زیاتر بەدەستبهێنم."
 
لەوانەیە فەرەنسییەکان ناحەقیان نەبێت کە نەیاندەویست گوێ بۆ قسەکانی ماکرۆن بگرن. سەرۆککۆماری فەرەنسا تەنیا دوو رۆژ دوای واژۆکردنی یاسای نوێی خانەنشینی، شتێکی وای نەگوت ببێتە جێگەی دڵنەوایی بۆ ئەو کارمەند و فەرمانبەرە حکومیانەی کە دەبێت دوو ساڵ زیاتر کار بکەن تاوەکو خانەنشین ببن.
 
ماکرۆن خۆزگەی خواست پرسی چاکسازی لە یاسای خانەنشینی بە سازش و دانوستاندن لەنێوان سیاسییەکان و یەکێتیی بازرگانان یەکلایی کرابایەوە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "خەڵک ئەم چاکسازییەیان قبووڵ کردووە؟ روونە کە نا. سەرەڕای چەندین مانگ لە راوێژکردن، نەگەیشتین بە هیچ رێککەوتنێک و جێگەی داخیشە."
 
ماکرۆن تەمەنی خانەنشینی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و بە بەکارهێنانی مادەی 49 لە دەستووری فەرەنسا لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەرز کردووەتەوە.
 
لە فەرەنسا 14.5%ی کۆی داهاتی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ خانەنشینان و خەرجییان دەڕوات، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا رێژەکە تەنیا 7.5%ـە.
 
بەگوێرەی راپرسییەک کە بۆچوونی 1000 کەسی بۆ وەرگیراوە، 67%ی فەرەنسییەکان دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینین.
 
سەرەڕای پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی نزیکەی 500 کەس، پاییزی ئەمساڵ یاسای نوێی خانەنشینی لە فەرەنسا کاری پێدەکرێت. بە گوتەی ماکرۆن، ئەم گۆڕانکارییە سامانی وڵات زیاد دەکات و کورتهێنانی بودجەش کەم دەکاتەوە.