رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چیک بڕیاری دەرکردنی 18 دیپلۆماتکاری رووسیای لە وڵاتەکەی دەرکرد، تۆمەتی ئەوەی خستوونەتەپاڵ، کە مۆسکۆ تێوەگلاوە لە رووداوێکی تەقینەوە لە ساڵی 2014دا، ئەمەش بووەتە کێشەیەکی نوێی نێوان رووسیا لەگەڵ ناتۆ و ئەوروپا.
چیک، کە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، بڕیاری داوە ئەو دیپلۆماتکارە رووسییانە لە وڵاتەکەی دەربکات. بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی چیک، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، "رووسیا دەستی هەبووە لە رووداوی تەقینەوەی 50 تۆن ماددەی تەقەمەنی لە کۆگایەکی تەقەمەنی لە شارۆچکەی ڤرێبتیچ لە هەرێمی زلین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس"، هەر بۆیە حکومەت بڕیاری دەرکردنی ئەو دیپلۆماتکارە رووسییانەی داوە.
دیپلۆماتکارە رووسییەکان بەشێکن لە ستافی باڵیۆزخانەی رووسیا لە پراگی پایتەخت، لە رۆژی شەممەوە داوایان لێکراوە لە ماوەی 48 کاژێردا وڵاتەکە بەجێبهێڵن. هەروەها پۆلیسی چیک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو کەسی رووسی دەرکردووە بە ناوەکانی (ئەلێکساندەر پێترۆڤ) و (رۆسلان بۆشیرۆڤ) کە لەنێوان 11 تاوەکو 16ی ئۆکتۆبەری 2014 چوونەتە پراگ و دواتریش چوونەتە ئەو شوێنەی کە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەر تەقینەوەکەی تێدا روویداوە.
ئەو دوو ناوەش هەمان ئەو دوو ناوەن کە لە 2018دا بەریتانیا وەک تۆمەتباری ژەهرخواردکردنی سێرگی سکریپاڵ، سیخوڕی دوولایەنەی رووسی و بەریتانی دەستنیشانی کردبوون.
هاما سیک، وەزیری ناوخۆی چیک دەڵێت: "من بەداخەوەم کە پەیوەندی چیک و رووسیا بەمجۆرەی لێبێت، بەڵام وەک سەرۆکوەزیرانیش ئاماژەی پێکردووە، چیک دەبێت کاردانەوەی خۆی هەبێت".
وەزیری ناوخۆی چیک ئاماژەی بەوەش کردووە، کە خۆی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە پراگ کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندووە ئەو هەنگاوانە دەگرنەبەر، کە دەرکردنی هەموو کارمەندانی باڵیۆزخانەی رووسیایە لە پراگ، کە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی چیکەوە وەک کارمەندی نهێنی هەواڵگری رووسی ناسێنراون. دەشڵێت "من و سەرۆکوەزیرانیش لە پەیوەندیداین لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ و داوای پشتیوانییان لێدەکەین".
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان چیک و رووسیا دەچێتە سەر ئاڵۆزییەکانی دیکەی رووسیا لەگەڵ ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا، کە ئێستا بەهۆی چەند کێشەیەکی وەک دۆسیەی ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا، کێشەکانی سنووری ئۆکراینا و لکاندنی هەرێمی کریمیای ئۆکراینا بە رووسیاوە دروستبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ