سەرۆکی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی هەژاری پڕۆژەی 'خێزان' رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ملیۆنان کەس لە رووسیا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و سەرۆکی ئەو وڵاتەش پڕۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری لە وڵاتەکەی بەناوی "پڕۆژەی خێزان" رادەگەیێنێت و دەڵێت، ئامانجیانە تاوەکو 2030 رێژەی هەژاری بۆ 7% دابەزێنن.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی 29-02-2024 رایگەیاند، "دەبێت تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی هەژاری لە رووسیا بۆ 7% دابەزێت و لەنێو خێزانە گەورەکانیش بۆ 12% دابەزێت. دەبێت سەرنجمان لەسەر کەمکردنەوەی هەژاری بێت، سەرەتا بۆ ئەو خێزانانەی منداڵیان زۆرە. ئەوەش دەزانین کە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری کارێکی ئاسان نییە."
ئەوانەی لە رووسیا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، 13.5 ملیۆن کەسن، کە یەکسانە بە 9.8%ی دانیشتووان.
یەکێک لەو رێگایانەی حکومەتی رووسیا دەیگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، پێدانی دەرماڵەیە بەو دایکانەی منداڵیان دەبێت و ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 0 بۆ 3 ساڵە.
یارۆسلاڤ نیلۆڤ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا رایگەیاند، "12 ملیۆن منداڵ دەرماڵە وەردەگرن، ئەوەش پارەیەکی گونجاوە لە تەمەنی 0 بۆ 3 ساڵ. دایکیش دەتوانێت تاوەکو ساڵ و نیوێک دوای منداڵبوون دەرماڵەی دایکایەتی وەربگرێت."
زیادکردنی مووچە رێگەیەکی دیکەی کەمکردنەوەی هەژارییە. سەرۆکی رووسیا دەڵێت، "کار لەسەر زیادکردنی تێکڕای کەمترین مووچە دەکەین؛ ئەوەش بێگومان کاریگەریی لەسەر زیادکردنی بڕی دەرماڵە و باشترکردنی ئابووری دەبێت."
لە ساڵی 2020دا کەمترین مووچەی رووسیا 19 هەزار روبڵ بوو، کە یەکسانە بە 206 دۆلاری ئەمریکی. حکومەت پلانی هەیە تاوەکو 2030 کەمترین مووچە بگەیێنێتە 35 هەزار روبڵ، کە دەکاتە 380 دۆلار.