وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان ناکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن نیگەرانن. راشیگەیاند، بایکۆتەکە "خزمەت بە بەرژەوەندیی  گەلی کوردستان و عێراق ناکات."
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن لەبارەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، دایەوە. 
 
ڤێدانت پاتێل گوتی: "ئێمە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانمان بینی کە باس لەوە دەکات، ئەوان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بایکۆت دەکەن. ئێمە نیگەرانین لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان."
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "هەڵوێستی بەردەوامی ئێمە ئەوە بووە پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک دەکەین، کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداری بکەن و هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و متمانەپێکراو بێت".
 
لەبارەی بڕیارەکانی داگەی فیدراڵیی عێراقیش پاتێڵ گوتی: "لە زۆربەی ئەو نیگەرانیانەش دەگەین کە لەلایەن کوردی عێراقەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمدواییەی لەلایەن دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراقەوە دەرکران، بەڵام پێمانوانییە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و عێراقیش بە گشتی بکات." 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گرژییەکانی هەولێر و بەغداش، گوتی: "ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر لەسەر هێڵێن سەبارەت بەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان هەیە، لەنێویاندا سەقامگیریی عێراق، جێبەجێکردنی یاسا و بەردەوامی پارێزگاریکردن لە هەموو پێکهاتە عێراقییەکان".
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا. 
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".