کۆریای باشوور: کۆریای باکوور 7,000 کۆنتێنەر چەک و تەقەمەنیی داوەتە رووسیا

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، کۆریای باکوور بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە تەممووزی ساڵی رابردووەوە نزیکەی 7,000 کۆنتێنەر چەک و تەقەمەنییان بە رووسیا داوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، شین وۆن سیک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سیئۆلی پایتەختی وڵاتەکەی باسی لە یارمەتییە سەربازییەکانی کۆریای باکوور بۆ رووسیا کرد. 
 
وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور گوتی: "ژمارەی ئەو کۆنتێنەرانەی کە لە کۆریای باکوورەوە بەرەو رووسیا لەماوەی رابردوودا لە 300 کۆنتێنەرەوە گەیشتووەتە 7,000 کۆنتێنەر".
 
هەردوو هاوپەیمانە مێژووییەکەی یەکدی کە رووسیا و کۆریای باکوورن خراونەتە ژێر سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، مۆسکۆ لەبەر جەنگی ئۆکراینا و پیۆنگیانگیش بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی.
 
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکووریان بەوە تۆمەتبار کردووە، لەڕووی سەربازییەوە یارمەتی رووسیا دەدات و چەک و تەقەمەنی بۆ دابین دەکات. 
 
بەگوتەی ئەمریکا، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە کۆریای باکوور دەستی بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ رووسیا کردووە، مەزەندەش دەکات، کە لەوکاتەوە زیاتر لە 1,000 کۆنتێنەری کەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنی بۆ رووسیای ناردبێت. 
 
لە چەند مانگی رابردووش سیئۆل، پیۆنگیانگی بەوە تۆمەتبار کرد کە زیاتر لە یەک ملیۆن گوللەتۆپێ بۆ رووسیا ناردووە و لەبەرامبەریشدا مۆسکۆ بۆ هەڵدانی مانگە دەستکردەکان یارمەتی کۆریای باکووری داوە. 
 
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کیم لە میانی سەردانێکیدا بۆ رووسیا رایگەیاند پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا کاری هەرەلەپێشێنەی پیۆنگیانگە و لە جەنگی رووسیاش کۆریای باکوور بەردەوام پاڵپشتیی لە رووسیا کردووە.