هەڵاوسان لە سوێد بەرزترین ئاستی 32 ساڵی رابردووی تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە هاووڵاتییان لە سوێد لە بەیانیی زووەوە نۆرە دەگرن بۆ وەرگرتنی خۆراک، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو دێت رێژەی هەژاری و برسێتی لە وڵاتەکە زیاد دەکات. هەڵاوسان لە سوێد 12٪ـیە و بەرزترین ئاستیەتی لە 32 ساڵی رابردوودا.
 
کاڤیان فیردەوسی، دامەزرێنەری رێکخراوی خێرخوازیی ژیانی ئاوارەکان دەڵێت، "وەک دەبینیت، خەڵکێکی زۆر بۆ نانی بەیانی دێنە ئێرە؛ لەم 13 ساڵەدا کە ئەم رێکخراوە بەڕێوەدەبەم، هەرگیز ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک نەهاتوونەتە ئێرە".
 
سوێد یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی شەڕی ئۆکراینای لەسەرە، خاچی سووری سوێد دەڵێت، نزیکەی 12٪ـی ئەو خێزانانەی لە یەک باوان پێکدێن، تووشی برسێتی بوونەتەوە.
 
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 14٪ـی سوێدییەکان هەژارن، ناوەندی ئاماری سوێدیش دەڵێت، نزیکەی 15٪ـی دیکە مەترسیی هەژارییان لەسەرە. نرخی بەشێک لە خۆراکەکان لە یەک ساڵدا 20٪ بەرزبوونەتەوە و گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە 70 ساڵی رابردوودا.
 
ماریانێ ئۆربێرگ، خانەنشینە و باس لەوە دەکات، "نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، خەڵک شێوازی خواردنیشیان گۆڕیوە و ئەم رۆژانە بەشێوەیەکی جیاواز نان دەخۆن تاوەکو بژێوییان پەیدا بکەن".
 
کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشبینی دەکات سوێد تاکە وڵاتی ئەوروپا بێت لەمساڵدا تووشی سستیی ئابووریی ببێتەوە، هەڵاوسانیش 12٪ـیە و بەرزترین ئاستیەتی لە 32 ساڵی رابردوودا. ئابووریناسان دەڵێن، ئێستا شەپۆلی هەڵاوسان لە نرخەکانی وزە دەرچووە و تەواوی ئابووریی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.