سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی سەرکۆنەی فەرمانی دەستگیرکردنی پووتین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی حەشدی شەعبیی عێراقی سەرکۆنەی فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەکات و دەپرسێت، دادگەکە لە کوێ بوو کاتێک کە سەدام حوسێن تاوانی لە دژی خەڵکی عێراق ئەنجامدەدا؟ دەشڵێت "دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان تەنیا لە کاتی هەبوونی مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا، بڕیاردەدات".
ئەبوو توراب تەمیمی، سەرکردەی حەشدی شەعبی لە تویتێکدا، دادگەی لاهای و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بە "دووفاقی و نادادپەروەری" تۆمەتبار دەکات و دەپرسێت، "دادگەکە لە کوێ بوو کاتێک سەدامی گۆڕبەگۆڕ تاوانی دژی رۆڵەکانی گەلەکەمان ئەنجامدەدا، لە کۆمەڵکوژی، ستەم، برسیکردن و دەربەدەرکردن؟ بۆچی دادگایی نەدەکرد و لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەدەکرد؟ یانیش بەهۆی ئەوە بوو کە [سەدام] لە بەرژوەندیی ئەمریکا نزیک نەدەبووەوە و زیانی پێنەدەگەیاندن."
ئەبوو توراب تەمیمی، کە فەرماندەی لیوایە لە حەشدی شەعبی و یەکێکە لە بازرگانە دیارەکانی پارێزگای بەسرە دەڵێت، تەنیا لەبەر ئەوەی پووتین بووەتە "هەڕەشە بۆسەر هەژموون، لووتبەرزی، خۆسەپێنیی ئەمریکا و یاریکردنی بە چارەنووسی گەلانەوە،" دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە.
ئەم تۆمەتانەی سەرکردە شيعەکە دژی دادگەی لاهای بۆ بەرگریکردنی لە سەرۆکی رووسیای هاوپەیمانی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئەندام نییە لە دادگەکە.
سەرکردەکەی حەشدی شەعبی هەروەها بە ئاماژە کردن بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەپرسێت: "دادگەکە لە کوێ بوو لە ماوەی تاوان و سیاسەتەکانی داگیرکار کە وڵاتەکەمانیان وێرانکرد و کردیانە گۆڕەپانی ململانێ و گرووپە تیرۆریستییەکان، هەزاران هاووڵاتیی عێراقی بوونە قوربانی."
رۆژی هەینی فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەرکرا، هەنگاوێک کە لە لایەن ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی پێشوازیی لێکرا و لە لایەن رووسیا بە پووچەڵ ناوبرا.
دیمیتری کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تویتێکدا رۆژی هەینی نووسیویەتی: "چەرخی دادپەروەری دەسووڕێتەوە. دەستخۆشی لە بڕیاری دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ڤیلادیمیر پووتین."
هەر لە هەمان رۆژدا ئەندرێ ئێرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا گوتی: "ئەمە تەنیا سەرەتایە."
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە نامەیەکی تەلەگرامدا، دوای چەند کاژێرێک گوتی: "بۆ وڵاتەکەمان، بڕیارەکانی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هیچ گرنگییەکیان نییە."
زاخۆراڤا گوتیشی: "رووسیا لایەنێک نییە لە سیستمی بنەڕەتیی رۆمای تایبەت بە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و هیچ پابەندییەکیشی لەسەر نییە،" روونیشیکردەوە کە مۆسکۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگەکەدا ناکات.
مەبەست لە سیستمی بنەڕەتیی رۆما رێککەوتنی دامەزراندنی دادگەکەیە. زاخارۆڤا گوتی: فەرمانەکانی دەستگیرکردنی "دەرکراو لە لایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، لە رووی یاساییەوە پووچەڵن" بۆ رووسیا.
هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رووسیا وەک زۆر لە وڵاتانی دیکە، دان بە کاری ئەو دادگەیەدا نانێت؛ بۆیە لە دیدگەی یاساییەوە، ئەم بڕیارانە پووچەڵن."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و گوتی "بێگومان پووتین تاوانی جەنگی ئەنجامداوە،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا هیچ پابەندیێکی بە دادگەکەوە نییە.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتیی ئەوروپا ستاییشی بڕیاری دادگەکەی کرد و بە "بڕیارێکی گرنگ" بۆ دادپەروەریی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئۆکراینا ناویبرد.
بۆرێل گوتی: "ئێمە هەمیشە لە یەکێتیی ئەوروپا روونمانکردووەتەوە کە ئەوانەی بەرپرسن لە دوژمنکاریی نایاسایی بۆسەر ئۆکراینا، پێویستە بە دادپەروەری بگەیێنرێن. ئەم فەرمانەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیش تەنیا دەستپێکێکە لە پڕۆسەی لێپرسینەوە."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش بە هەمان شێوە، پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد.
جەیمس کلێڤەرلی گوتی: "ئێمە پێشوازی لە هەنگاوی دادگەی سەربەخۆی تاوانی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە سەرانی رژێمی رووسیا، لەوانەش ڤیلادیمیر پووتین. ئەوانەی لە تاوانی تۆقێنەری جەنگ لە ئۆکراینا بەرپرسن، پێویستە بە دادپەروەری بگەیێنرێن."
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بریتییە لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە هۆڵەندایە و بڕیار بۆ دادگەییکردنی ئەو کەسانە دەردەکات کە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو دادگەیە لە ساڵی 1919 پێشنیازکرا، بەڵام دامەزراندنی زۆر دواکەوت. لە 17ی تەمموزی 1998دا یاسای رۆما پەسندکرا کە بووە بنەمای دامەزراندنی دادگەکە. 123 وڵات یاساکەیان پەسندکردووە، بەڵام رووسیا لەو وڵاتانە نییە.