پێشبینیدەکرێت پارتەکەی مارک رووتە براوەی هەڵبژاردنی هۆڵەندا بێت


رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێت مارک رووتە، سەرۆکی پارتی ڤی ڤی دی براوەی هەڵبژاردنە سێ رۆژییەکەی هۆڵەندا بێت. چاوەڕوان دەکرێت پارتەکەی رووتە، 36 کورسی لە کۆی 150 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت. 
 
هەڵبژاردنی هۆڵەندا بە سێ رۆژ بەرێوەچوو، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک ئەوەی پێشبینی دەکرێت دەربچێت، ئەوا پارتی فەرمانڕەوای ڤی ڤی دی دەتوانێت راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە.
 
مارک روتە رۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی راگەیاند دەنگدەرانی هۆڵەندی متمانەیان بە پارتەکەی داوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە حکومەت پێکبهێنێت.
 
دۆفی هێرمانز، ئەندامێکی پارتی ڤی ڤی دی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "خەڵکی هۆڵەندا متمانەیان بە مارک رووتە و پارتەکەی هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەسەڵات لەم وڵاتە بگرنە دەست".
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵبژاردنی ئەمجارەی هۆڵەندا لە رۆژانی 15 و 16 و 17ی ئەم مانگە لە شوێنە گشتییەکان بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی بتوانرێت مەودای کۆمەڵایەتی رەچاوبکرێت.
 
سیستەمی فەرمانڕەوایی هۆڵەندا پادشایەتییە، بەڵام پەرلەمانیان هەیە و پەرلەمانەکەیان لە 150 کورسیی پێکدێت، چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و براوەی زۆرینە، حکومەت پێکدەهێنێت. 
 
دەسەڵاتەکانی وڵاتەکە لەنێوان حکومەت و پاشا دابەشکراوە، پادشا لە دەرەوە و نێوخۆ نوێنەرایەتیی وڵات دەکات و بە بەشێک لە حکومەت دادەنرێت.
 
جگە لە ئەرکە تەشریفاتییەکانی، بە گوێرەی دەستوور، بۆی هەیە وەزیرانی حکومەت دەستنیشان بکات یان لە کار دووریان بخاتەوە. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، سێ کابینەی حکومەت بە دەست پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە بووە کە مارک رووتە سەرکردایەتیی دەکات.
 
لەم هەڵبژاردنانەدا، 37 پارت بەشدارن، پارتی ئازادی کە پارتێکی دژە کۆچبەرە و لە 2017ـەوە بە 20 کورسی بووەتە ئۆپۆزیسیۆن، رکابەرایەتیی پارتەکەی مارک رووتە دەکات، بەڵام بە گوێرەی دوایین راپرسی، ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەدەست دەربێنێت و تەنیا 17 تاوەکو 21 کورسی بەدەستدێنێت.