حکومەتی مالیزیا لە هاووڵاتییانی دەپاڕێتەوە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە

18-03-2020
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا مالیزیا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

مالیزیا بۆ ماوەی دوو هەفتە هاتووچۆکردن سنووردار دەکات، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لە هاووڵاتییانی دەپاڕێتەوە کە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش رایدەگەیێنێت کە لەوانەیە دوو هەفتەی دیکە یان زیاتر سنووردارکردنی هاتووچۆ درێژبکەنەوە و بە خەڵکیش دەڵێ "لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
 
وەزارەتی تەندروستیی مالیزیا بە هاووڵاتییانی راگەیاندووە "لێتان دەپاڕێینەوە، لە ماڵەکانتان بمێننەوە و خۆتان و خانەوادەکانتان بپارێزن. تکایە".
 
سنووردارکردنی هاتووچۆ لە مالیزیا ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئادار دەستپێدەکات و تاوەکو 31ی ئادار بەردەوامیی دەبێت، محێدین یاسین، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بە گەلەکەیی راگەیاندووە "بە ئەنجامدانی ئەم کارە، ئێوە پارێزراو دەبن لە ڤایرۆسی کۆڤید-19، ئەمەش مەبەستی سنووردارکردنی هاتووچۆیە کە حکومەت رایگەیاندووە".
 
محێدین هۆشداریی داوە لەوەی کە ئەگەر رێکارەکان شکستبێنن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێدەچێت حکومەت دوو مانگ یان زیاتر سنووردارکردنی هاتووچۆ درێژبکاتەوە و دەڵێ "گرنگە بۆ ئێمە خۆمان و خانەوادەکانمان داببڕین بۆئەوەی لە ڤایرۆسەکە پارێزراوبین، ئەویش بەشێوەیەکی سادە بە مانەوە دەبێت لە ماڵەوە، بۆیە تکادەکەم لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
 
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا راشیگەیاندووە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە لەم قەیرانەدا، بەڵام ناتوانێت بەتەنیا ئەو کارە بە تەنیا جێبەجێ بکات و جەختی لەوە کردەوە "لە ماڵەوە بمێننەوە، کات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانتان، ژن و منداڵەکانتان بەسەربەرن، پێویست ناکات بچنە هیچ جێگەیەک".
 
ماوەی دوو هەفتەیە هاووڵاتییانی مالیزیا گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخەکراوە و رێگە بە گەشتیارانیش نادرێت بچنە نێو ئەو وڵاتەوە. قوتابخانە و کارە ناپێویستەکانیش بڕیارە رابگیرێن.
 
لە مالیزیا تاوەکو ئێستا 790 تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەپێی سەرچاوەکان دوو لەسەر سێی تووشبووەکان بەهۆی بەشداریکردنیان لە مەراسیمێکی ئایینی لە مزگەوتێک لە کوالا لامپوور تووشبوون، کە لەو مەراسیمەدا نزیکەی 16 هەزار کەس بەشدارییان کردووە و هەڵگرێکی ڤایرۆسەکەش لەنێو مەراسیمەکەدا بووە.
 
جگە لە تووشبوونی 790 کەس لە مالیزیا، تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانی لەدەستداوە کە یەکێکیان لەو مەراسیمەدا بەشداریی کردبوو، هاوکات 60 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.