18-03-2020
01:36
ئێران: بههۆی سزاكانی ئهمریكا له بهرهنگاربوونهوهی كۆرۆنادا له پێگهیهكی زۆر لاوازداین
محهممهد جهواد زهریف، وهزیری دهرهوهی ئێران. وێنە: AFP
وهزیری دهرهوهی ئێران رایگهیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ههموو جیهان سهلماندی كه سزاكانی ئهمریكا بهسهر ئێراندا چۆن كاریگهریی ههبووه و پێگهی ئێرانی له بهرهنگاربوونهوهی ڤایرۆسهكه لاوازتر كردووه، بهراورد بە وڵاتانی جیهان.
محهممهد جهواد زهریف، وهزیری دهرهوهی ئێران له پهیامێكی ڤیدیۆیدا رایگهیاند "زهوتكردنی مافی بهدهستهێنانی دهرمان و چارهسهر و خواردن، ئێران دهخاته پێگهیهكی لاوازهوه و ناكرێت لهگهڵ وڵاتانی دیكه له بهرهنگاربوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا بهراورد بكرێت. كۆرۆنا بۆ ههموو جیهان رووه راستهقینهكهی سزاکانی ئهمریكای بهسهر ئێراندا سهلماند".
وهزیری دهرهوهی ئێران ئاماژەی بەوە کرد "ئهمریكا بهنیازه له رێگهی سهپاندنی سزای زیاترهوه، ئێران بكاته دوورگهیهكی تهواو بێبهشكراو و بیخاته نێو ئۆقیانوسێكی پڕ له ههڕهشه و ئازارهوە".
ئهم گوتانهی جهواد زهریف لهكاتێكدان، محهممهد رهزا زهفهرقهندی، سهرۆكی دهستهی پزیشكیی ئێران رایگهیاند، ژمارهی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر لهو ژمارهیه زیاتره كه وهزارهتی تهندروستیی ئێران بڵاویدهكاتهوه، جهختیشی لهوه كردهوه، دهبێ وهزارهتی تهندروستی پابهندی پرۆتۆكۆله كارپێكراوهكهی بێت لهگهڵ رێكخراوی تهندروستیی جیهانی و ئاماری دروست له ئهنجامی تاقیگهكان و نهخۆشخانهكان بڵاوبكاتهوه.
لە ئێران تاوەکو ئێستا 17 هەزار و 713 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و 135 کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و 389 کەسیش چاکبوونەتەوە.
01:10
مێركل كۆرۆنا بە "گهورهترین ئاستەنگ" لهدوای جهنگی جیهانیی دووهم ناودەبات
ئهنگێلا مێركل، راوێژكاری ئهڵمانیا. وێنە: AFP
له پهیامێكی تهلهڤزیۆنیدا سهبارهت به ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونهوهی له ئهڵمانیا، ئهنگێلا مێركل، راوێژكاری ئهڵمانیا روو له خهڵكی وڵاتهكهی دهكات و دهڵێت "له جهنگی جیهانیی دووهمهوه گهورهترین ئاستەنگە رووبهڕوومان دهبێتەوە".
بۆ یهكهمجار له ساڵی 2005ـەوه و لهوكاتهی بووهتە راوێژكاری ئهڵمانیا، ئهنگێلا مێركل لە رێگەی تهلەڤزیۆنهوه پهیامێك بڵاودهكاتهوه و دهڵێت "بهم رێگە نائاساییه روو له ئێوه دهكهم، چونكه دهمهوێ پێتان بڵێم کە بۆ من وهكو راوێژكار و هاوكارهكانم له حكومهتی فیدراڵی لهم رهوشهدا چی دهگوزهرێ".
راوێژکاری ئهڵمانیا دڵنیایی له سهركهوتن بهسهر كۆرۆنا دهدات و دهڵێت "متمانهی تهواوم بهوه ههیه كه ئێمه لهم ئهركهدا سهردهكهوین؛ ئهگهر ههموو هاووڵاتییان ئهركی خۆیان بزانن".
مێركل سەبارەت بە دۆزینهوهی ڤاكسین و چارهسهر بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دهڵێت "تاوەکو ئێستا نه چارهسهر و نه ڤاكسین بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا نییه".
كهمكردنهوهی خێرایی بڵاوبوونهوهی كۆرۆنا یهكێكه له ههوڵهكانی وڵاتانی ئهوروپا، ئهڵمانیاش ههمان بهرنامه پهیڕهودهكات.
راوێژكاری ئهڵمانیا سوپاسی پزیشك، كارمهندانی كهرتی تهندروستی و ئهوانهی لهم رۆژانهدا له سوپەرماركێتهكان كاردەكهن، دهكات؛ داوا له خهڵك دهكات كهمترین پهیوهندیی كۆمهڵایهتییان ههبێت بۆئهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا له كهسێكهوه بۆ كهسێكی دیكه نهگوازرێتهوه. هاوکات، داوا له خهڵكی وڵاتهكهی دهكات متمانه به سهرچاوهی متمانهپێنهكراو نهكهن.
له كۆتایی پهیامهكهیدا مێركل رایگەیاند "دڵنیام ئێمه بهسهر ئهم قهیرانهدا زاڵ دهبین، بهڵام قوربانییهكان چهند دهبن؟ چهند له مرۆڤه خۆشهویستهكانمان لهدهستدهدهین؟ پشكی گهورهی ئهمه لهدهست ئێمهدایه. ئێمه دهتوانین پێكهوه كاردانهوهمان ههبێت. دهتوانین ئهم سنوورداركردنهی ئێستا قبووڵ بكهین و هاوكاری یەکتری بكهین".
تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا 12 هەزار و 327 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش تەنیا 105 کەس چاکبوونەتەوە و 28 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
00:18
لە ئیتاڵیا 475 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا و لە فەرەنسا 89ی دیکە گیانیان لەدەستدا
نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیا. وێنە: AFP
کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر دەبێت و لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا تەنیا لە ئیتاڵیا 475 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لەو وڵاتە ئەوروپییە بۆ دوو هەزار و 978 کەس بەرزبوەوە.
هەر لە ئیتاڵیا و لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، نزیکەی چوار هەزار کەس چاکبوونەتەوە و نزیکەی دوو هەزار و 250 کەسیش لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان.
هاوکات لە فەرەنسا 89 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لەو وڵاتە گەیشتە 264 کەس.
حکومەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نۆ هەزار و 134 تووشبووی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا هەن، 931 کەس لەوان باری تەندروستییان جێگیر نییە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 215 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی کۆرۆنا بوون و نزیکەی نۆ هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 83 هەزار و 313 کەس چاکبوونەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە
23:20
ئەمریکا: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا 18 مانگ درێژە دەکێشێت
ئەمریکا: جارجارەش لەدوای کەمبوونیشی شەپۆلی ڤایرۆسەکە دەردەکەوێتەوە. وێنە: AFP
بەرنامەی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێ، ڤایرۆسەکە کە بە جیهاندا بڵاوبووەوە، 18 مانگی پێدەچێت تاوەکو لەناودەچێت.
حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا راپۆرتێکی 100 پەڕەی نووسیوە کە پلان و بەرنامەی ئەمریکای بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تێدا نووسراوە و ئاماژە بەوە کراوە، کۆرۆنا 18 مانگ یاخود زیاتر بەردەوامدەبێت لە بڵاوبوونەوە، جارجارەش لەدوای کەمبوونیشی شەپۆلی ڤایرۆسەکە دەردەکەوێتەوە.
هەر ئەو راپۆرتە دەشڵێ "کورتهێنانی بەرهەم دروستدەبێت، کار لە سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان و ژێرخانە گرنگەکان دەکات".
راپۆرتە 100 پەڕەییەکەی ئەمریکا ئەو رۆژە پەسند کرا کە دۆناڵد ترەمپ باری نائاسایی بۆ وڵاتەکەی تێدا راگەیاند و کۆمەڵە رێوشوێنێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گرتەبەر، لەوانە کۆتاییهێنانی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ وڵاتانی بیانی، هەروەها رۆژی چوارشەممە 18ی ئادار داخستنی سنووری لەگەڵ وڵاتی کەنەدا راگەیاند، جگە لە بازرگانی نەبێت.
18:54
نەتەوە یەکگرتووەکان: 25 ملیۆن کەس بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستدەدەن
تەندروستیی جیهانی: خەڵکێکی زۆر بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستدەدەن. وێنە: AFP
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، خەڵکێکی زۆر بەهۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستدەدەن و ژمارەیان بە 25 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.
رێکخراوی کاری جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "دروستبوونی قەیرانی ئابووری بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-19وە چەندین کار و بزنس پووچەڵ دەکاتەوە و بەهۆیەوە 25 ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستدەدەن".
رێکخراوی کاری جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی بەرامبەر کۆرۆنا دەگیرێنەبەر کارگە و کۆمپانیاکان دادەخرێن، ئەمساڵ خەڵکی جیهان بڕی سێ ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار لەدەستدەدەن، دەشڵێ "کەمبوونەوەی دەرفەتی کار واتە لەدەستدانی داهاتێکی گەورەی خاوەن کارەکان".
18:41
حکومەتی مالیزیا لە هاووڵاتییانی دەپاڕێتەوە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە
بەشێک لە هاووڵاتییانی مالیزیا ماسکیان پۆشیوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. وێنە: Reuters
مالیزیا بۆ ماوەی دوو هەفتە هاتووچۆکردن سنووردار دەکات، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لە هاووڵاتییانی دەپاڕێتەوە کە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش رایدەگەیێنێت کە لەوانەیە دوو هەفتەی دیکە یان زیاتر سنووردارکردنی هاتووچۆ درێژبکەنەوە و بە خەڵکیش دەڵێ "لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
وەزارەتی تەندروستیی مالیزیا بە هاووڵاتییانی راگەیاندووە "لێتان دەپاڕێینەوە، لە ماڵەکانتان بمێننەوە و خۆتان و خانەوادەکانتان بپارێزن. تکایە".
سنووردارکردنی هاتووچۆ لە مالیزیا ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئادار دەستپێدەکات و تاوەکو 31ی ئادار بەردەوامیی دەبێت، محێدین یاسین، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بە گەلەکەیی راگەیاندووە "بە ئەنجامدانی ئەم کارە، ئێوە پارێزراو دەبن لە ڤایرۆسی کۆڤید-19، ئەمەش مەبەستی سنووردارکردنی هاتووچۆیە کە حکومەت رایگەیاندووە".
محێدین هۆشداریی داوە لەوەی کە ئەگەر رێکارەکان شکستبێنن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێدەچێت حکومەت دوو مانگ یان زیاتر سنووردارکردنی هاتووچۆ درێژبکاتەوە و دەڵێ "گرنگە بۆ ئێمە خۆمان و خانەوادەکانمان داببڕین بۆئەوەی لە ڤایرۆسەکە پارێزراوبین، ئەویش بەشێوەیەکی سادە بە مانەوە دەبێت لە ماڵەوە، بۆیە تکادەکەم لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا راشیگەیاندووە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە لەم قەیرانەدا، بەڵام ناتوانێت بەتەنیا ئەو کارە بە تەنیا جێبەجێ بکات و جەختی لەوە کردەوە "لە ماڵەوە بمێننەوە، کات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانتان، ژن و منداڵەکانتان بەسەربەرن، پێویست ناکات بچنە هیچ جێگەیەک".
ماوەی دوو هەفتەیە هاووڵاتییانی مالیزیا گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخەکراوە و رێگە بە گەشتیارانیش نادرێت بچنە نێو ئەو وڵاتەوە. قوتابخانە و کارە ناپێویستەکانیش بڕیارە رابگیرێن.
لە مالیزیا تاوەکو ئێستا 790 تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەپێی سەرچاوەکان دوو لەسەر سێی تووشبووەکان بەهۆی بەشداریکردنیان لە مەراسیمێکی ئایینی لە مزگەوتێک لە کوالا لامپوور تووشبوون، کە لەو مەراسیمەدا نزیکەی 16 هەزار کەس بەشدارییان کردووە و هەڵگرێکی ڤایرۆسەکەش لەنێو مەراسیمەکەدا بووە.
جگە لە تووشبوونی 790 کەس لە مالیزیا، تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانی لەدەستداوە کە یەکێکیان لەو مەراسیمەدا بەشداریی کردبوو، هاوکات 60 کەسیش چاکبوونەتەوە.
18:00
داعش بۆ ئەندامەکانی: لەبەر کۆرۆنا سەردانی ئەوروپا مەکەن
داعش بۆ ئەندامەکانی: لەبەر کۆرۆنا سەردانی ئەوروپا مەکەن
داعش رێنمایی گەشتکردنی بۆ لایەنگرەکانی دەرکردووە و لە نامەیەکدا کە بۆ هەموو ئەندامەکانی ناردووە، ئامۆژگارییان دەکات لەم کاتەدا بۆ مەبەستی هێرش و چالاکی سەرەدانی ئەوروپا نەکەن لەبەر مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەدوایین نامەی رێکخراوی داعش بۆ ئەندامەکانی هاتووە، "خۆتان لە شوێنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەدووربگرن". هەروەها لە رێگەی ئینفۆگرافیکێکەوە رێنمایی دەدات کە "ئەوانەی لەشساخن، نابێت بڕۆنە شوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و ئەوانەشی کە تووشبوون نابێت شوێنی خۆیان جێبێڵن".
هەروەها داعش لە نامەکەدا کۆمەڵێک رێنمایی بە شەڕکەرەکانی دەدات کە چۆن خۆیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بپارێزن و پێیان دەڵێت، "کاتێک کە باوێشکتان دا یان پێدەکەنن، دەمتان داپۆشن. دەستتان بشۆن پێش ئەوەی دەست لە شت بدەن".
لە لاپەڕەیەکی دیکەی نامەکەدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە کۆمەڵێک رێنمایی ئیسلامی نوسراون.
پێشتریش لە مانگی شوباتدا داعش لە نامەیەکی هاوشێوەدا گوتبووی، "زۆربەی موسڵمانان پەلەیانکرد و گوتیان ئەم ڤایرۆسە سزایێکە لەلایەن خوای گەورەوە بۆ چین لەبەر ئەوەی موسڵمانانی یوگوری چەوساندووەتەوە" و هۆشداریی دابوو کە "جیهان پێکەوە بەستراوە؛ گەشتکردن و هاتووچۆ ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی پەتا و ڤایرۆسەکان دەکەن".
هەرچەندە داعش هیچ شوێنێکی بە دەستەوە نەماوە و خەلافەتەکەی لەنێو براوە، بەڵام مەزندە دەکرێت رێکخراوەکە هێشتا 20 هەزار چەکداری لە عێراق و سووریا و ناوچەکانی دەوروبەری هەبێت. راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سامانی رێکخراوەکە بە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت.
لەو وڵاتانەی کە چەکدارەکانی داعشی لێیە، ژمارەیەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لە نێویانیشدا، عێراق و ئەفغانستان.
17:14
لە سەردەشت بریندارێکی چەکی کیمیایی کە تووشبووی کۆرۆنا بوو، چاک بووەوە
لە سەردەشت بریندارێکی چەکی کیمیایی کە تووشبووی کۆرۆنا بوو، چاک بووەوە
بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوو، چاک بووەوە و رەوانەی ماڵەوە کرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژنێکی تەمەن 62 ساڵانی نیشتەجێی شاری سەردەشت بە ناوی "زارا زەبیحی" کە بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، دوای ئرێنیبوونی ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای و شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، چاک بووەوە. ئێستا لە ماڵەوە لە کەرەنتینەدایە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی کیمیایی سەردەشت داوا لە حکومەتی ئێران دەکات، بەهۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی جەستەی بەرکەوتووان کە پێداویستیی خۆپارێزیی وەک ماسک، دەستەوانە و ماددەی دژەڤایرۆسی پێویست بۆ هەشت هەزار بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لەو شارە دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن رێکخراوی مانگی سوورەوە تەنیا 400 بەستەی پێشگیری و تەندروستی بەسەر 400 بەرکەوتەی کیمایی سەردەشتدا دابەشکراوە. هەروەها داوا دەکات، هاوکاریی ماددی و خۆراکی ئەو بەرکەوتووانە بکرێت کە رەوشی ئابوورییان باش نییە، تاوەکو ناچار نەبن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
لە رۆژی سێشەممە 17-03-2020ـەوە لە سەردەشت نەخۆشخانەیەکی کاتیی 20 تەختی لەلایەن رێکخراوی مانگی سوورەوە دروستکراوە. پێشتریش بەشێکی نەخۆشخانەی ناوشاری سەردەشت بۆ راگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراوە. تاوەکو ئێستا هاونیشتمانییان لەو شارە بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە و نزیکەی 10 کەسیش تووشبوون.
17:07
تەندروستیی عێراق: پێنج کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
تەندروستیی عێراق: پێنج کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پێنج کەسی دیکە لە بەشی رەسافەی بەغدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەوەش ژمارەی تووشبووان لەو بەشەی بەغدا گەیشتە 42 کەس.
عەبدولغەنی ساعیدی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی رەسافە ئاماژەی بەوە کرد، "چوار لە تووشبوەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووی دیکەدا هەبووە. دووان لە تووشبووەکان تەمەنیان دوو ساڵانە، دووانی دیکەیتان دوو ئافرەتی 42 ساڵان و 27 ساڵانن و یەکێکیشیان ئافرەتێکی 72 ساڵانە".
تاوەکو ئێستا کۆی گشتی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 169 کەس، 43 کەس چاکبوونەتەوە و 12 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە
16:42
ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە 88 کەس
ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە 88 کەس
لە دۆینێوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 10 هاونیشتمانی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و کۆی گشتیی ژمارەی قوربانییان گەیشتە 88 کەس.
لە پارێزگای سنە لە نیوەڕۆی سێشەممەوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-03-2020، چوار هاونیشتمانیی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا. هەروەها 22 کەسی دیکەش تووشبوون.
زۆرترین رێژەی تووشبوون و قوربانی لە شارەکانی سەقز، قوروە، سنە و بانەیە. تاوەکو ئێستا لە سەقز 11 کەس، لە قوروە سێ کەس، لە سنە سێ کەس، لە بانە دوو کەس و لە مەریوان و بیجاڕیش یەکی کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
لە پارێزگای ورمێ گیانلەدەستدانی سێ کەسی دیکە راگەیێندرا و کۆی گشتیی ژمارەی قوربانییان لەو پارێزگایە گەیشتە 17 کەس.
هەروەها لە دۆینێوە 42 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی گشتیی تووشبووان بووەتە 300 کەس. سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ورمێ دەڵێت، 103 کەس لەو پارێزگایە چاک بوونەتەوە.
لە پارێزگای لوڕستان دوو هاونیشتمانیی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا و ئەنجامی تاقیکردنەوەی 39 کەسی دیکە ئەرێنی دەرچوو. تاوەکو ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی 29 کەس لەو پارێزگایە بە کۆرۆنا پشتڕاست بووەتەوە. کۆی گشتیی تووشبووانیش 363 کەسە کە زۆرترین رێژەی قوربانی و تووشبوو لە شاری سلسلەی لوڕستانە کە ناوەندەکەی ئەلشتەرە.
بەهۆی کۆرۆناوە لە کرماشانیش هاونیشتمانییەکی دیکە گیانی لەدەستدا و کۆی ژمارەی قوربانییان گەیشتە 13 کەس. حەوت کەسی دیکەش تووشبوونیان پشتڕاستکرایەوە و کۆی ژمارەی تووشبووان بووە 152 کەس.
ئەمڕۆ لە پارێزگای ئیلام تووشبوونی 10 کەسی دیکە بە کۆرۆنا راگەیێندرا و کۆی ژمارەی تووشبووان بووە 120 کەس.
15:42
ژمارەی ئەوانەی بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا گەیشتە هەشت هەزار و 205 کەس
هەڕەشەکانی کۆرۆنا لە جیهان بەردەوامە و سات بە سات ژمارەی تووشبووەکان لە زیادبووندان، بەپێی نوێترین ئامارەکان، 203 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیە هەشت هەزار و 205 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە زۆربەی وڵاتەکان بۆ پێشگیری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و حکومەتی وڵاتان داوا لە خەڵک دەکات لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆیان لە قەرەباڵخی بەدووربگرن.
هاوکات تاوەکو ئێستا 82 هەزار و 107 کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە، چاکبوونەتەوە.
14:10
توێژینەوەیەک: کۆرۆنا لەسەر کەلوپەلەکان تاوەکو 48 کاژێر دەمێنێتەوە
توێژینەوەیەک: کۆرۆنا لەسەر کەلوپەلەکان تاوەکو 48 کاژێر دەمێنێتەوە
توێژینەوەیەکی زانستی نوێ لەلایەن زانایانی سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و زانکۆی کالیفۆڕنیای ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و لە هەردوو شاری لۆس ئەنجلس و برینستۆن ئەنجامدراوە، تێیدا دەردەکەوێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای هەیە لە دەرەوەی جەستەی مرۆڤدا لەسەر کەلوپەلەکانی بەردەست و تەنانەت لەنێو هەواشدا بمێنێتەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەراورد لەگەڵ ڤایرۆسی سارس، توانای زیاتری هەیە لە مانەوە لە هەوادا، ئەو تایبەتمەندییە و هەروەها تایبەتمەندی دەرنەکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆڤید-19، بە دوو هۆکاری سەرەکی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێن.
زانایانی ئەنجامدەری توێژینەوەکە ئاشکرایانکردووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای هەیە لەسەر کەلوپەلی پلاستیکی یان ئەوانەی کە ژەنگ هەڵناهێنن، وەک پۆڵا بۆ ماوەی دوو تاوەکو سێ رۆژ بمێنێتەوە و هەروەها لەسەر کاغەز و کارتۆن نزیکەی 24 کاژێر بمێنێتەوە.
توێژەران تاقیکردنەوەیەکی دیکەیان ئەنجامداوە کە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە بە هەوادا لەڕێگەی پەمپەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک گەردیلە لە هەوادا بۆ ماوەی سێ کاژێر ماونەتەوە.
هەرچەندە تاقیکردنەوەی پەمپەکە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە رووبەڕووی رەخنەی شارەزایان بووەوە لەوەی کە هێزی پژمینی تووشبووی کۆرۆنا هێندەی هێزی پەمپەکان نییە لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام بەرپرسانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە رێگەی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کۆرۆنا لەڕێگەی دڵۆپە زۆر بچووکەکانن کە تووشبووان لەکاتی پژمین و کۆکەدا دەریان دەکەن، ئاشکراشیانکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی پژمین و کۆکەدا لە هەوادا تەنها بۆ چەند چرکەیەک دەمێنێتەوە، ئاشکراشیانکرد، ئەم تایبەتمەندییەی کۆرۆنا لە ڤایرۆسی سارس-یشدا بەدیکراوە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 هەزار کەسی لە هەموو جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، زیاتر لە 8 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە،
ڤایرۆسی سارس لە نێوان ساڵانی 2002 تاوەکو 2003 سەریهەڵدا و نزیکەی هەشت هەزار کەس تووشبوون و 800 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
زیاتر بخوێنەوە
14:03
شەش کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا
شەش کەسی دیکە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە عێراق بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکان شەش کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێک لە بەسرە گیانی لەدەستداوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە، تاقیکردنەوەیان بۆ 105 کەس کردووە کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێکراوە و شەش کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون کە پێنجیان لە بەشی رەسافەی بەغدان و یەکێکیشیان لە دیالەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە 164 کەس، 43 کەس چاکبوونەتەوە و 12 کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر بخوێنەوە
12:54
147 کەسی دیکە بە کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستیی ئێران گیانلەدەستدانی 147 کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا راگەیاند و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و 135 کەس بەرزبووەوە.
لە 24 کاژێری رابردوو هەزار و 192 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کۆی تووشبووان لە ئێران 17 هەزار و 361 تووشبووی کۆرۆنا هەن.
لە 24 کاژێری رابردوو هەزار و 192 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و کۆی تووشبووان لە ئێران 17 هەزار و 361 تووشبووی کۆرۆنا هەن.
زیاتر بخوێنەوە
12:49
رووسیا لە ڤایرۆسی گەڵای تووتن، ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دروستدەکات
رووسیا لە ڤایرۆسی گەڵای تووتن، ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دروستدەکات
رووسیا هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بە دۆزینەوەی ڤاکسینێكی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەرقاڵە. سەرۆکی بەشی زانستیی ڤایرۆسەکان لە کۆلێژی بایۆلۆژی زانکۆی مۆسکۆ، پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ڤایرۆسی گەڵای تووتن راگەیاند.
ئۆلگا کارابۆڤا، سەرۆکی بەشی زانستیی ڤایرۆسەکان لە کۆلێژی بایۆلۆژی زانکۆی مۆسکۆ رایگەیاند: زانایانمان تەکنۆلۆژیای نوێیان داهێناوە کە دەتوانن لە رێگەیەوە و بە پشتبەستن بە ڤایرۆسی گەڵای تووتن کە هیچ زیانێكی بۆ مرۆڤەکان نییە، گەردیلەی خڕ بەرهەمبهێنن و ئەو گەردیلانەش توانای خۆلکاندن بە هەرجۆرە پرۆتینێكیان هەیە لەوانەش پرۆتینی ڤایرۆسی سارس کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئۆلگا کارابۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو تەنانەی کە لەو گەردیلانە دروستدەکرێن، سیستەمی بەرگریی مرۆڤەکان بەبێ بەکارهێنانی هیچ پێکهاتەیەکی دیکە بەهێزتر دەکەن کە بتوانێت بەرگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێت و خودی ئەو گەردیلانەش لەدوای ئەنجامدانی کارەکەیان، لەنێو جەستەی مرۆڤدا شیدەبنەوە و لە لەش دەچنە دەرەوە.
هاوکات میخائیل گیربیشنیکۆڤ، راگری کۆلێژی بایۆلۆژی مۆسکۆ و ئەندامی ئەکادیمیای رووسیا بۆ زانستەکان رایگەیاند: دەکرێت لەماوەی سێ مانگدا نموونەیەک لە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکرێت.
زیاتر بخوێنەوە
12:35
بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ نزیکەی 150 کەس لە سنووری نێوان موسڵ و دهۆک گیریان خواردووە، هاونیشتمانییەک دەڵێت، "حەشدی شەعبی ناهێڵێت بچینە نێو موسڵ و پێشمەرگەش رێگەمان نادات بگەڕێینەوە دهۆک".
فەرهەنگ وەیسی، خەڵکی شارۆچکەی کەڵەکی قەزای خەباتە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە کاژێر 03:00ی دواینیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 17-03-2020 لە دهۆک دەرچوون و ویستوویانە بەرەو موسڵ بڕۆن، بەڵام وەکخۆی دەڵێت، نەیانزانیوە کە قەدەخەی هاتووچۆ هەیە و دەشڵێت "ئێستا بازگەکانی حەشدی شەعبی رێگەمان نادەن بچینە موسڵ و لە دوایین بازگەی پێشمەرگە (بازگەی بەدریک) رێگریمان لێدەکرێت بۆ چوونەوە نێو دهۆک".
بەگوتەی فەرهەنگ وەیسی، ژمارەی ئەو کەسانەی لەنێوان موسڵ و دهۆک گیریانخواردووە نزیکەی 150 کەس دەبن و دەشڵێت "پیر و گەنجمان لەنێودایە و دۆخەکە زۆر خراپە، خەڵکێک هەیە دوو رۆژە لەنزیک بازگەکانە و رێگەیان پێنادرێت بۆ چوونە نێو دهۆک و موسڵ".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەکات کە بە ئەوانیان نەگوتوە کە قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت.
رۆژی 17-03-2020، دوای کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی دهۆک، پارێزگاری دهۆک پەیوەست بەرێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رایگەیاند، چەند بڕیار و رێکارێکی نوێ لە کۆبوونەوەکە دەرکران لەوانە: لە بەرەبەیانی 19-3-2020 تاوەکو 24-3-2020 هەموو بازاڕەکانی دهۆک دادەخرێن، جگە لە چەند شوێنێک نەبێت.
لەبارەی دانیشتووانی کەمپەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، پێویستە دانیشتووانی کەمپەکان پابەندی هەموو بڕیار و رێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بن. هاتووچۆ بۆ دەرەوەی کەمپ نەکەن و لەناو کەمپەکانیان بمێننەوە، چونکە ئامانج لەوە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانە.
12:26
ژمارەی ئەوانەی بە کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە 100 کەسی تێپەڕاند
ژمارەی ئەوانەی بە کۆرۆنا لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە 100 کەسی تێپەڕاند
بەپێی زانیارییەکانی داتەبەیسی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە پشت بە سەرچاوە پزیشکییەکان دەبەستێت، تاوەکو ئێستا 101 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەواوی ویلایەتەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.
شەوی سێشەممە 18-3-2020 لە رۆژئاوای ڤێرجینیا تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا ئەوەش بووە 50ـەمین ویلایەت کە ڤایرۆسەکەی لێ تۆماربکرێت.
تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا زیاتر لە پێنج هەزار و 600 کەسن.
12:10
23 کەسی دیکە لە تایوان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
بەرپرسانی تەندروستیی تایوان تووشبوونی 23 کەسی دیکەیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە کۆی ژمارەی تووشبووانی لەو وڵاتە گەیاندە 100 کەس.
هەر لە چوارچێوەی رێکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە سبەی پێنجشەممە 19-3-2020 تایوان گەشتی کەسانی بیانی بۆ وڵاتەکەی قەدەخە دەکات. ئەو تایوانییانەی پێشتریش گەڕاونەتەوە 14 رۆژ کەرەنتین دەکرێن.
زیاتر بخوێنەوە
12:03
تەندروستیی سلێمانی: پشكنین بۆ كارمەندی فرۆشگە، سەمونخانە و نانەوای گەڕەكەكان دەكرێت
تەندروستیی سلێمانی: پشكنین بۆ كارمەندی فرۆشگە، سەمونخانە و نانەوای گەڕەكەكان دەكرێت
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، پشكنینی تەندروستی بۆ سەرجەم كارمەندی فرۆشگە،و سەمونخانە و نانەوای گەڕەكەكانی سلێمانی دەكرێت و دەشێت لەو رێگەیەوە ئەو كەسانە بدۆزینەوە كە تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی چەندین پشكنینی تەندروستیی گرنگ دەکەن.
لەبارەی ئامانجی ئەو كارەشەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوە کرد،"دەمانەوێت لەو رێگەیەوە بگەینە ئەوەی ئەگەر لە گەڕەكەکاندا نموونەی تووش بوو هەبێت، بیان دۆزینەوە، چونكە ئەو كارمەند و كرێكارانە رۆژانە بەریەككەوتنیان لەگەڵ خەڵكی گەڕەكەکاندا هەیە".
تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان 38 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە زۆربەیان لە شاری سلێمانیدان و لەو ژمارەیەش كەسێک گیانی لەدەستداوە و نۆ كەسیش چاك بوونەتەوە.
11:57
کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا: شارەزاییمان نەبوو، کۆرۆنامان بە بێبایەخ تەماشاکردبوو
ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "ئێمەی بەرپرسی سیاسی هەموومان بە بایەخەوە تەماشای گەورەیی مەترسیی پەتای کۆرۆنامان نەکرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، بۆمان دەرکەوت کە ئەو پەتایە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەرقاڵمان دەکات".
ڤۆن دێرلاین راشیگەیاند: سەرجەم ئەو رێکارە تەندروستییانەی کە تاوەکو دوو بۆ سێ هەفتە بەر لەئێستا بە تووند و بێبەزەیی تەماشامان دەکردن، ئێستا بۆمان دەرکەوت کە دەبوایە زۆر خێراتر و زووتر بمانگرتنایە بەر، چونکە ئێستا ئەوروپا بەگوتەی ڤۆن دێرلاین، بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا رەتیکردەوە لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سەرۆکی فەرەنسا وشەی شەڕ دژ بە کۆرۆنا بکاربهێنێت و رایگەیاند: "من وشەی شەڕ بەکارناهێنم، بەڵام لە نیگەرانییەکانی سەرۆکی فەرەنساش سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەگەم".
11:04
چین ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەسەر مرۆڤەکان تاقیدەکاتەوە
چین ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەسەر مرۆڤەکان تاقیدەکاتەوە
باڵیۆزی چین لە سعودیە تویتێكی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاهەنگی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەسەر مرۆڤەکانی گێڕا.
چەین وەیکینگ، باڵیۆزی چین لە سعودیە لە تویتەر نووسیویەتی: ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن تیمی زانایانی ئەکادیمی بەسەرۆکایەتی چن وی، زانا لەبواری ڤایرۆسەکان بەرهەمهێنرابوو، دوێنێ مۆڵەتی تاقیکردنەوەی بەسەر مرۆڤەکانی پێدرا. گوتیشی: ڤاکسینەکە بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و رێنماییە ناوخۆییەکانی چین پەرەیپێدراوە و دەکرێت بە بڕێكی زۆر و لەسەر ئاستێكی فراوان بەرهەمبهێندرێت.
لە تویتەکەیدا، چەین وەیکینگ گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کەناڵی تەلەفزیۆنی چینی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرۆکی تیمە ئەکادیمییەکە باس لە ڤاکسینەکە و شێوازی بەکارهێنانی دەکات.
لەماوەی 48 کاژێری رابردوودا ئەمریکا یەکەمین ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنای بەسەر دوو کەسی خۆبەخش تاقیکردەوە و چاوەڕێ دەکرێت قۆناخی یەکەمی ڤاکسینەکە لەماوەی شەش تاوەکو هەشت هەفەتە درێژە بکێشێت و بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە بەرهەمهێنانی ڤاکسین کە لە هەموو جیهاندا بەکاربهێندرێت لەنێوان 12 تاوەکو 18 مانگی پێدەچێت.
11:07
ئەمریکا دەڵێت کۆرۆنا 18 مانگ بەردەوام دەبێت، مالیزیاش لە هاووڵاتییانی دەپاڕێتەوە نەچنە دەرەوە
رووداو
کۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بە وڵاتانی جیهان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکەش وڵاتان رێوشوێنی تووندتر بۆ رێگریکردن لێی دەگرنە بەر. وڵاتانی پێشکەوتوو، لەنێویاندا ئەمریکا، ئەڵمانیا و چین لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە شەڕ بۆ خێراتر دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەکەن.
رۆژانە لە رووماڵی تایبەتی رووداو سات بە سات زانیارییەکانتان لەبارەی هەواڵەکانی کۆرۆنا لە جیهان پێدەڵێین.
بەپێی ماڵپەڕی وۆڕڵد مێتەرس Worldometers کە بە پشتبەستن بە دامودەزگای تەندروستی وڵاتان داتا و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا لە تەواوی جیهان 199 هەزار و 194 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، حەوت هەزار و 994 کەس گیانیان لەدەستداوە 82 هەزار و 783 کەسیش چاکبوونەتەوە.