ترەمپ براندێکی گرانبەهای پێڵاوی خستە بازاڕەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا براندێکی نوێی پێڵاوی بەناوی "هەرگیز کۆڵمەدە"، خستە بازاڕەوە، ئەمەش لەدوای رۆژێک لە بڕیاری دادگەیەکی نیویۆرک، کە سزایەکی گەورەی دارایی بەسەر ترەمپدا سەپاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کۆتایی ئەم ساڵی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، براندێکی نوێی پیڵاوی خستە بازاڕەوە، کە نرخەکەی 399 دۆلارە.
ئەم پرۆژە نوێیەی ترەمپ لەدوای ئەوە دێت، کە رۆژی هەیینی دادگەیەکی نیویۆرک بەتۆمەتی ئەوەی بە دروستی سامانەکەی رانەگەیاندووە تاوەکو حکومەت قەرزی زیاتری بداتێ، بە نزیکەی 355 ملیۆن دۆلاری پێبژاردن سزای دا.
ترەمپ لەکاتی نمایشکردنی پێڵاوەکانی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لەشاری فیلادێلفیا، رایگەیاند، "لەمێژە خوازیاربووم ئەم کارە بکەم و ئەمە باشترین پێڵاوە لەسەر رووی گۆی زەوی."
ئەو خەڵکەی لە رێوڕەسمی براندی پێڵاوەکەی ترەمپ ئامادە بوون، بەشێوەی جیاواز هەستی خۆیان دەربڕی، هەندێکیان چەپڵەیان بۆ لێدا و هەندێکیشیان ناڕەزاییان دەربڕی.
پێڵاوەکان، لەسەر شێوازی نیوپووتن و لەهەردوولاکەی ئاڵای ئەمریکای لەسەرە و رەنگەکەی زێڕینییە. پێڵاوەکە بەناوی "هەرگیز کۆڵمەدە" ناسێندراوە، ماڵپەڕی تایبەتیشی بۆ دانراوە تاوەکو بتوانن ئۆنڵاینیش ئەو پێڵاوانە بفرۆشن.
هەر لەسەر ماڵپەڕە تایبەتەکە، بۆنێکی نوێش بۆ فرۆشتن نمایش کراوە بەناوی "ڤیکتۆر47"، یان "سەرکەوتن47". ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ. لە ئەگەری بردنەوەی، ترەمپ دەبێتە 47مین سەرۆکی ئەمریکا.
لەکاتی نمایشکردنی پێڵاوەکە، ترەمپ جارێکی دیکە رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگە "پیلانێکە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان."
ترەمپ، رووبەڕووی چوار کەیسی دیکەی یاسایی کراوەتەوە، بڕیارە رۆژی 25ـی ئاداری ئەم ساڵ بە تۆمەتی بەرتیلدان بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن بۆ بەنهێنی هێشتنەوەی پەیوەندیی نێوانیان، دادگایی بکرێت.