کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن؛ "پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا بۆ شکستهێنان بە رووسیا"

18-02-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
كاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. وێنە: AFP
كاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بووە کرۆکی پانێلەکانی رۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەکان جەختیان لە پاڵپشتیکردنی زیاتری کیێڤ بۆ "شکستهێنان"ی مۆسکۆ کردەوە. 
 
یەنست ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە گوتارێکیدا گوتی، "ئۆکراینا پێویستی بە هەرشتێک بێت، دەبێت پێی بدەین، بۆ ئەوەی وەکو وڵاتێکی سەروەر و سەربەخۆ لە ئەوروپا بیباتەوە و سەربکەوێت."
 
ستۆڵتنبێرگ گوتی، ڤیلادیمیر پووتین لە هەوڵی ئەوەدایە چەک لە "رژێمە تاکڕەوەکان وەکو ئێران و کۆریای باکوور" وەربگرێت، بۆیە پێویستە هاوپەیمانانیش چەک بە ئۆکراینا بدەن.
 
سەرجەم ئەوانەی لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن قسەیانکرد، لە بەرەی ئۆکراینا بوون یاخود لەگەڵ ئەوەبوون هاوکاری زیاتری ئۆکراینا بکرێت.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پانێلێکی دیکە قسەی کرد، تەنانەت لەگەڵ ئەوەدابوو تۆپهاوێژی دوورمەودا و هەروەها بەرگریی ئاسمانیش بە ئۆکراینا بدرێت. 
 
سووناک گوتی، "هەموو ئەو شتانە پێشکێش بە ئۆکراینا بکەین بۆ ئەوەی هەر ئێستا شەڕەکە بباتەوە."
 
كاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە پار لەسەر هەمان سەکۆ هۆشداری لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینادا، ئەمساڵ مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ. 
 
هاریس گوتی، "پشکنینمان بۆ بەڵگەنامەکە کردووە، ستانداردە یاساییەکانیش دەزانین و گومانی تێدا نییە کە ئەمانە[ی رووسیا ئەنجامی داون] تاوانی جەنگین." 
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "پووتین وایزانی دەتوانێت ناتۆ بەش بەش بکات، هاوپەیمانیی ناتۆ ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و پابەندی ئەمریکاش بە ناتۆ و مادەی 5 پۆڵایینە."
 
مادەی پێنجی ناتۆ دەڵێت، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێکی ناتۆ بە هێرش بۆ سەر سەرجەمیان لێکدەدرێتەوە.
 
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسەکە بەشداربوو و جەختی کردەوە کە "دەبێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت، دوای ساڵێک نا، دوای چەند مانگ نا، بەڵکو لە زووترین کاتدا."
 
بایربۆک گوتی، بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات "دەبێت چەکەکانی پووتین بێدەنگ بکرێن. ئەگەر پووتین شەڕەکە رابگرێت، ئەوکات شەڕەکە دەوەستێت." 
 
وەزیری دەرەوەی ئۆکرایناش لە دووەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو، بەدووری زانی لەگەڵ رووسیا بگەنە ئاشتی و بۆ بردنەوەی شەڕەکەش بە پێویستی زانی هاوکاری زیاتری ئۆکراینا بکرێت.
 
دیمیتری کولیبا ستایشی هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە هاوکاری ئۆکراینایان کردووە، بەڵام گومانیشی خستە سەر هەندێک سەرکردە کە نایانەوێت هاوکاری وڵاتەکەی بکەن. دیمیتری ناوی ئەو وڵاتانە یاخود سەرکردانەی نەهێنا. بەڵام ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راستەوخۆ وەڵامی دایەوە و گوتی، "لە کۆتاییدا ئۆکراینا شەڕی بەرگریی لە خاک و وڵات و سەروەری خۆی دەکات." 
 
بلینکن هۆشداریدا کە ئەگەر رووسیا ئەم جەنگە بباتەوە ئەوا ئەم شەڕەی دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ "جیهانی شەڕ و پێکدادان."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەگەر رووسیا شەڕەکە بباتەوە ئەوکات وڵاتانی دیکە دەڵێن، "رووسیا بۆی چووە سەر، ئێمەش بۆمان دەچێتەسەر."
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە گەرمەی پانێڵەکانی بوو، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، گوندێکی دیکەیان بە ناوی ڤوهلیدار لە باشووری رۆژئاوای شاری دۆنێستک لە هەرێمی دۆنێستک و هەروەها گوندی گریانیکیڤکا لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ کۆنتڕۆڵکردووە. 
 
رۆژی 24ی شوباتی 2023، ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کە بەگوێرەی UNHCR ،1.8 ملیۆن  ئۆکراینی پەنایان بۆ وڵاتانی ئەوروپی بردووە کە دەکاتە 19٪ی تەواوی ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا، لەسەرەتای شەڕ 18.6 ملیۆن کەس ئۆکراینایان بەجێهێشت، دوای گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ هەندێک ناوچە، 10.3 ملیۆن کەس گەڕانەوە وڵاتەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.