18 کۆچبەری ئەفغانی لە ئۆتۆمبێلێکدا لە بولگاریا گیانیان لەدەستدا

18-02-2023
لهۆن نەسرەدین
ئۆکسجین لەنێو بارهەڵگرەکە نەماوە و بەشێکی کۆچبەرەکان بەرگەی ئەو دۆخەیان نەگرتووە و گیانیان لەدەستداوە
ئۆکسجین لەنێو بارهەڵگرەکە نەماوە و بەشێکی کۆچبەرەکان بەرگەی ئەو دۆخەیان نەگرتووە و گیانیان لەدەستداوە
نیشانەکردن کۆچبەر بولگاریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بولگاریا تەرمی 18 کۆچبەری ئەفغانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا دۆزرایەوە کە بە قاچاخ سنووریان بڕیوە و، بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین و برسییەتی گیانیان لەدەستداوە.
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی کۆچبەرەکان لە نزیک شاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا، رۆژی هەیینی (17-2-2023) ناوچەکەی پڕکرد لە پۆلیس، کە تەرمی 18 کۆچبەریان لەنێو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە گوندی لۆکۆرسکۆ دەرهێنا. سەرچاوەیەکی پۆلیسی بولگاریا ئەمڕۆ (شەممە، 18-2-2023) رایگەیاند لەسەر رووداوەکەی دوێنێ حەوت کەسیان دەستگیرکردووە. 
 
سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە نیشتمانییەکانی بولگاریا لەو بارەیەوە زانیاری سەرەتایی دا. بۆریسلاڤ ساراتۆڤ گوتی "چەند رۆژێك لەمەوبەر 52 کۆچبەر بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری نێوان تورکیا و بولگاریایان لە رێگەی بەکارهێنانی پەیژەوە بەزاند. چەند رۆژێک لە دەوروبەری شاری یامبوول ماونەتەوە، پاشان چوونەتە نێو ئەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەوەوە. لەوێ 18ـیان خنکاون و 34ـیان خۆیان رزگارکردووە".
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرجەم کۆچبەرەکان هاووڵاتیی ئەفغانستانین؛ هۆکاری مردنەکەشیان بۆ نەبوونی ئۆکسجین و برسیەتی دەگەڕێتەوە.
 
ئاسین مێدجیدیڤ، وەزیری تەندروستیی بولگاریا لەمبارەیەوە گوتی "ئۆکسجین لەنێو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە نەماوە، جگە لەوە؛ کۆچبەرەکان، برسی و سەرمایان بووە و بەرگەی ئەو دۆخەیان نەگرتووە و مردوون".
 
لە 5 ساڵی رابردوودا ناوەناوە چیرۆکی بەزاندنی سنوور و مردنی کۆچبەران لە بولگاریا، دووبارە دەبنەوە. گۆشیڤ، دانیشتووی گوندی لۆکۆرسکۆیە لە بولگاریا و دەڵێ "قاچاخچییەکان پارەیان لێ سەندوون (لە کۆچبەرە ئەفغانییەکان) و لە دارستانی بولگاریا جێیان هێشتوون".
 
دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە دەڵێ "ئەمساڵ ئەمە یەکەمین رووداوە، بەڵام ساڵی رابردووش هەمان شت روویدا و چەند کۆچبەرێکیش گیانیان لە دەستدا".
 
بولگاریا لەو سنوورە 500 کیلۆمەترییەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، نزیکەی 260 کیلۆمەتری تەلبەند کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گوتەی پۆلیسی سنووری وڵات، لە ساڵی 2022ـدا هێزەکانی پۆلیس زیاتر لە 164 هەزار هەوڵی بەزاندنی سنووریان شکست پێهێناوە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.