کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت

19-02-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و بڕیارە بە بەشداریی ژمارەیەک سەرکردە، وەزیر و شارەزای دیاری وڵاتانی جیهان گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک بکرێت، لەوانەش بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە جیهانییەکان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە دیارترین بەشداربووانی کۆنفرانسەکەن.
 
10 گەورەترین قەیرانی جیهان
 
رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی (ئینتەرناشناڵ رێسکیو کۆمیتی) لیستی گەورەترین 10 قەیرانی جیهانی بۆ 2021 ئامادە کردووە.
 
بە گوتەی شارەزایانی رێکخراوەکە، چاوەڕوان دەکرێت قەیرانە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهان لە ماوەی ئەمساڵدا خراپتربن. ململانێی سیاسی و سەربازی، گۆڕانی کەشوهەوا و کۆرۆنا هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانانەن و هەڕەشەی دروستبوونی قات و قڕی لە هەندێک وڵات دەکەن.
 
رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 1933وە لەسەر داواکارییەکی ئەلبێرت ئەنیشتاین لە ئەمریکا دامەزراوە، دەڵێت، خێزانە ئاوارەبووەکان، بەتایبەتیش کچ و ژنان، بەهۆی کۆرۆنا و قەیرانی مرۆییەوە، زیانی هەرە زۆریان بەرکەوتووە.
 
گەورەترین قەیرانەکانی جیهان بەگوێرەی رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی بەمشێوەیە:
 
1- قەیرانی یەمەن
 
بۆ سێیەمین ساڵی لەسەر یەک، یەمەن لە ریزبەندیی یەکەمی گەورەترین قەیرانە جیهانییەکان دێت. ماوەی شەش ساڵە شەڕی ناوخۆ تێیدا بەردەوامە؛ 80%ی دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی یەمەن رایانگەیاندووە، ئەوان زیاتر خەمی برسێتییانە نەک ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
ژمارەی دانیشتووانی یەمەن 29.8 ملیۆن کەسە، 24.3 ملیۆن کەسیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
2- قەیرانی ئەفغانستان
 
ژمارەی دانیشتووانی ئەفغانستان 38.9 ملیۆن کەسە، 18.4 ملیۆن کەسیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
ئەفغانستان بەهۆی پەتای کۆرۆنا، گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکیی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان لە ریزی دووەمی لیستی گەورەترین قەیرانە جیهانییەکان دێت.
 
گفتوگۆکانی ئاشتی لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان پەکیان کەوتووە. دوای چوار دەیە لە ململانێ، پێویستیی ئەفغانییەکان بە یارمەتیی مرۆیی رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە، بەشێکی بەهۆی کۆرۆنا و بەشێکیشی بەهۆی تووندوتیژی. بەگوێرەی رێکخراوەکە، ژمارەی ئەو خەڵکەی کە لە ساڵی 2021 پێویستیان بە یارمەتی هەیە، دوو هێندەی ژمارەی ئەوانەی لێهاتووە کە لە ساڵی 2020 پێویستییان پێی هەبووە.
 
3- قەیرانی سووریا
 
دانیشتووانی سووریا 17.5 ملیۆن کەسە، 13 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
ململانێی سووریا ماوەی یەک دەیەیە بەردەوامە. تووندوتیژی، دەربەدەربوون و پێویستیی یارمەتی لە زیادبووندان. چەندین خێزان ناچاربوون چەندین جار لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەربەدەربن.
 
کەرتی تەندروستیی سووریا بەگوێرەی رێکخراوەکە، توانای خۆی لەدەستداوە و ناتوانێت بەباشی رووبەڕووی کۆرۆنا ببێتەوە.
 
4- کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ
 
ژمارەی دانیشتووانی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ 89.6 ملیۆن کەسە، 19.6 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە. بەگوێرەی رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی، رێژەی برسێتی لە کۆنگۆ لەمساڵدا ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە.
 
ماوەی پێنج ساڵە کۆنگۆ لە ریزی ئەو پێنج وڵاتانەدایە کە زۆرترین پێویستییان بە یارمەتییە.
 
کۆنگۆ جگە لە ململانێی گرووپە چەکدارەکان، بەدەست دوو پەتاوە گیریخواردووە، ئەوانیش ئیبۆلا و کۆرۆنان. ماوەی چوار دەیەیەشە تووندوتیژی لەو وڵاتە بە بەردەوامی هەیە.
 
5- قەیرانی ئەسیوپیا
 
ژمارەی دانیشتووانی ئەسیوپیا 115 ملیۆن کەسە، 21.3 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
لە ئەسیوپیا بەهۆی شەڕ و ململانێی چەکداریی نێوان حکومەتی ئەو وڵاتە و پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی تیگرەی کە کۆتایی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، کوشتن و ئاوارەبوون زیادیکردووە.
 
لە هەمان کاتدا، ئەسیوپیا رووبەڕووی کۆرۆنا، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و گەورەترین هێرشی کوللە دەبێتەوە.
 
6- بورکینافاسۆ
 
ژمارەی دانیشتووانی بورکینافاسۆ 20.9 ملیۆن کەسە، 3.5 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
ململانێی چەکداریی نێوان حکومەتی وڵات و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان وایکردووە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە بورکینافاسۆ ئاوارە ببن. هەروەها ئەو کاریگەرییە ئابوورییەی کۆرۆنا دروستیکردووە، وایکردووە بورکینافاسۆ بکەوێتە بەر مەترسیی دروستبوونی قات و قڕی، یاخود بە واتایەکی دیکە، گرانی و نەمانی خۆراک.
 
7- کێشەی سوودانی باشوور
 
ژمارەی دانیشتووانی سوودانی باشوور 11.2 ملیۆن کەسە، 7.5 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
ساڵی 2020 رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان لایەنەکانی سوودانی باشوور واژۆکرا و حکومەتێکی نوێ پێکهێندرا. ئێستا بەهۆی سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی لەنێوان لایەنەکان لە چەند ناوچەیەک، پرۆسەی ئاشتیی ئەو وڵاتە لەژێر هەڕەشەدایە.
 
هەروەها بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، شانبەشانی قەیرانی ئابووری، وایانکردووە کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لە لاوازترینەکانی جیهان بێت.
 
8- نایجیریا
 
ژمارەی دانیشتووانی نایجیریا 206.1 ملیۆن کەسە، 8.9 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
زیاتر لە یەک دەیەیە ململانێی نێوان گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و ئەو گرووپانەی خەڵکی سڤیل بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پێکیانهێناون، بەردەوامە.
 
نزیکەی سێ ملیۆن کەس ئاوارەبوون، چەندین ملیۆنی دیکەش رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە. پەتای کۆرۆنا ئەو وڵاتە بەرەو قاتوقڕی دەبات، ساڵی 2020، قەیرانی مرۆیی نایجیریا بە گەورەترینی جیهان دانرابوو.
 
9- قەیرانی ئابووریی ڤەنزوێلا
 
ڤەنزوێلا خاوەنی 28.7 ملیۆن دانیشتووە، حەوت ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
 
بەهۆی داڕمانی کەرتی نەوتەکەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بووەتەوە، کەرتی تەندروستیشی وێران بووە و برسێتی و ئاوارەبوون رووی لەو وڵاتە کردووە.
 
پەتای کۆرۆنا هاندەر بووە کە قەیرانی برسێتی و ئابووری لە ڤەنزوێلا گەورەتر ببێت، لەکاتێکدا رێکارە خۆپارێزییەکان خەڵکی لە سەرچاوەی داهاتیان دابڕاندووە. خواردن کەمبووەتەوە و نرخی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبووە.
 
10- مۆزەمبیق
 
ژمارەی دانیشتووانی مۆزەمبیق 31.3 ملیۆن کەسە، 1.3 ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە مۆزەمبیق پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە زیادبووە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە بەدەست ململانێی چەکداری و هێرشی گرووپە لە یاسا بەدەرەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل گیریخواردووە.
 
نەبوونی رێگاوبان و بەردەوامیی تووندوتیژی وایکردووە، بە ئاسانی هاوکاری بە خەڵکی ئەو وڵاتە نەگات. قەیرانی گۆڕانی کەشوهەواش مەترسیی زیاتری خستووەتە سەر ئەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.