لەدوای هێرشەکەی پاکستان، ئێران بانگهێشتی کاربەڕێکەری وڵاتەکە لە تاران دەکات

18-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشی پاکستان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووریی ئەو وڵاتە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان شەرمەزار دەکات، کە بەپێی زانیارییە فەرمییەکان بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. راشیگەیاند، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی پاکستان لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکرێت و ناڕەزایەتیی ئێرانی بە فەرمی پێ رادەگەیێندرێت.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا هێرشی پاکستان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووریی ئەو وڵاتە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان شەرمەزار کرد و رایگەیاند، وەک ناڕەزایەتی لە بەرامبەر هێرشەکەی پاکستان، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکرێت و ناڕەزایەتیی ئێران بە فەرمی پێ رادەگەیێنرێت.
 
ناسر کەنعانی گوتی: "بەمەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیی فەرمی و داواکردنی روونکردنەوە لە حکومەتی پاکستان لەبارەی هێرشەکەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران بۆ وەزارەتی دەەرەوە بانگهێشت دەکرێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ لەبارەی هێرشەکەی پاکستان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئەو وڵاتە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ژمارەی قوربانیان بۆ 9 کەس بەرزبووەتەوە.
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی وەرمانگرتوون، چوار منداڵ، سێ ژن و دوو پیاو کە کەسانی بیانین، لە تەقینەوەکەی گوندێکی سەر سنوور کە دەکەوێتە 3-4 کیلۆمەتری سنووری ئێران، کوژراون."
 
پاکستان ئەمڕۆ بە فەرمیی رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی چەند رۆژی رابردووی ئێراندا، چەند ناوچەیەکی سنووری لە شاری سەراوانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێرانی بە مووشەک کردووەتە ئامانج.
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سنووریی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پاکستان زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی وردی، هاوئاهەنگ و بەشێوەیەکی زۆر هەماهەنگ و ئامانجداری لە دژی حەشارگە تیرۆریستییەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران کرد."
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کردووە : "کردارەکەی ئەم بەیانییە لە ژێر رۆشنایی هەواڵگری باوەڕپێکراوی پەیوەندیدار بە هەندێک چالاکی تیرۆریستی گەورە کە نزیک بوو بکرێت، کراوە." جەختیشی کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، "ژمارەیەک تیرۆرست"یان کوشتووە.
 
ئەو هێرشانەی پاکستان، لەدوای هێرشەکانی رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2024 دێت، کاتێک ئێران لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە، ناوچەیەکی سنووریی لە پارێزگای بەلووچستانی پاکستان کردە ئامانج و بەهۆیەوە، دوو منداڵ کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.