رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد، بەرپرسێکی باڵیۆخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت دەکات بۆ پێشکێشکردنی ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی کەسێکی سڤیل لە شاری هەولێر کە وڵاتینامەی سوێدی هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی سوێد، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەی ئێرانیان بۆ وەزارەتەکە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد رایگەیاندووە هۆکاری بانگهێشتکردنەکە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەسی سڤیل و برینداربوونی 16 کەسی دیکە.
پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری هەولێر، وڵاتینامەی سوێدی هەبووە و ماوەی 14 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، کوڕە گەورەکەشی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو و ئێستا بۆ چارەسەر لە ئیماراتە، هەر لە سوێد لەدایکبووە.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت، هۆکارێکی دیکەی بانگهێشتکردنەکە، داواکردنە لە دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکو بەزووترین کات ئەو هاووڵاتییە سوێدییە ئازاد بکەن، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران "بەبێ هۆکار" دەستگیرکراوە، داواشکراوە رێگە بدرێت بەرپرسانی سوێدی ئەو هاووڵاتییە ببین و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن.
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسداران بە پێنج مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ماڵی سەرمایەداری ناسراوی هەولێر پێشڕەو دزەیی، لەئەنجامدا پێشڕەو دزەیی، کچێکی، هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هەروەها 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لەنێو بریندارەکان، هەریەک لە هاوژین و دوو کوڕی پێشڕەو دزەیی هەن.
لە دوای هێرشەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بەسەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممە، لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ