پاکستان بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئێران؛ 'نۆ کەس کوژراون'
رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسمانیی پاکستان چەند هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە گوندێکی سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران. بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکەی ئێران، بەهۆی هێرشەکەوە نۆ کەس کوژراون.
بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024، بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی چەند رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوای وڵات، سوپاکەیان زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچەیەکی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، کە لەو هێرشانەدا گرووپە چەکدارەکانی لەو پارێزگایە کردووەتە ئامانج.
بەرپرسانی ئێرانیش لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستانەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی پارێزگای سیستان - بەلووچستان کراون و بەهۆیەوە "حەوت [لە سەرەتای هێرشەکەدا دواتر ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزبووەوە] کەس کوژراون، کە سێ ئافرەت و چوار منداڵن،" بەڵام دەشڵێن "هیچیان ئێرانی نین."
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، "ژمارەیەک تیرۆرست"یان کوشتووە.
ئەو هێرشانەی پاکستان، لەدوای هێرشەکانی رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2024 دێت، کاتێک ئێران لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە، ناوچەیەکی سنووریی لە پارێزگای بەلووچستانی پاکستان کردە ئامانج و بەهۆیەوە، دوو منداڵ کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.
ئەمەش دەسەڵاتدارانی پاکستانی تووڕە کرد و وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رۆژی چوارشەممە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئێران گەڕاندەوە و باڵیۆزی ئێرانیشی لە پاکستان دەرکرد.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، هەروەکو خۆی رایگەیاند، چەکدارانی گرووپی جەیش ئەلعەدلی کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە "پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای سەروەریی خاکی پاکستانە."
لەوبارەیەوە، مومتاز زەهرا بەلووچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، رۆژی چوارشەممە، لەبارەی هێرشەکانی ئێران، رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە نایاساییە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێت. پاکستان مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم کردەوە نایاساییە بداتەوە و بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکەشی لەئەستۆی ئێرانە و ئەو پەیامەشمان بە حکومەتی ئێران گەیاندووە."
ئێران گرووپی چەکدارانی جەیش ئەلعەدلی خستووتە لیستی تیرۆرەوە، گرووپەکە چەند جارێک هێرشیکردووەتە سەر ئەفسەر و سەربازی ئێرانی و مانگی رابردووش جەیش عەدل، بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی شاری راسکی ئێرانی گرتەئەستۆ، کە بووە هۆی کوشتنی 11 ئەفسەری پۆلیسی ئێرانی.
رۆژی چوارشەممە، لە میانی پێشکێشکردنی پانێڵێک لە کۆڕبەندی داڤۆس، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرگری لەو هێرشانە وڵاتەکەی لەدژی پاکستان کرد و رەتیشیکردەوە ئەو هێرشانە، هاووڵاتیانی پاکستانی کردبێتە ئامانج.
لەوبارەیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت، "لەبارەی پاکستانەوە، هیچ کەسێکی ئەو وڵاتە دراوسێ و دۆست و برایەمان بەر هێرشە مووشەکی و درۆنەکان نەکەوتوون. گرووپی بەناو جەیش عەدل کە گرووپێکی تیرۆرستی ئێرانییە و خۆیان لە پارێزگای بەلووچستانی پاکستان حەشارداوە کراونەتە ئامانج، ئێمە ئەو پرسەشمان چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسی پاکستان باسکردووە."
پاکستان و ئێران نزیکەی هەزار کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە و هەردوو وڵات بەردەوام یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەسەر سنوورەکان رێگە بە گرووپە چەکدارەکان دەدەن جموجۆڵ بکەن.
لەدوای هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر پاکستان، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی تارانی کرد و رایگەیاند: "لەچەند رۆژی رابردوودا، ئێرانی پێشیلی سنووری سێ وڵاتی دراوسێی کردووە."