سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەسەر مێژووی کۆیلایەتیی وڵاتەکەی داوای لێبووردن دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بە فەرمی داوای لێبووردنی کرد بەرامبەر رۆڵی مێژووی وڵاتەکەی لە کۆیلایەتی لە جیهاندا و رایگەیاند، وڵاتەکەی 250 ساڵ لە کۆیلایەتی بەشداربووە و ئەو کارەی بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناوبرد.
 
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە شاری لاهای بە فەرمی داوای لێبووردنی لە رۆڵی وڵاتەکەی لە بەشداریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆیلایەتی لە جیهان کرد.
 
ئەو لێبووردنەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دوای 150 ساڵ لە کۆتاییهاتنی رۆڵی وڵاتەکەی لە کۆیلایەتی لەو وڵاتانەی داگیری کردبوون لە ئەفریقا و ئاسیا وەک سورینام و دوورگەکانی کاریبییەن و ئەندەنووسیا دێت. 
 
لەوبارەیەوە، مارک رووتە گوتی: "بۆ سەدان ساڵ دەوڵەتی هۆڵەندا و نوێنەرەکانی هانی کۆیلایەتییان دا، کاریان بۆ کرد و قازانجیان لێکرد. بۆ سەدان ساڵ، خەڵک بە ناوی دەوڵەتی هۆڵەنداوە کرایە کاڵا و مافەکانی پێشێل کران. بۆ سەدان ساڵ لەژێر دەسەڵاتی هۆڵەندا بەها مرۆییەکان بە ناشرینترین شێواز پێشێل کران. لە دوای ساڵی 1863ـەوە ژمارەیەکی زۆر کەم حکومەتی هۆڵەندا دانیان بەوەدا ناوە کە رابردووی کۆیلایەتییمان تاوەکو ئێستاش کاریگەریی نەرێنی هەیە. هەربۆیە بە ناوی حکومەتی هۆڵەنداوە داوای لێبوردن دەکەم".
 
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند، بۆ ماوەیەکی زۆر پێی وابووە کە رابردووی پڕ لە کۆیلایەتیی هۆڵەندا شتێکە لە رابردوودا ماوەتەوە و پەیوەندی بە ئێستاوە نییە، بەڵام "هەڵە بووم، چونکە کاریگەرییەکانی مێژووی ئەو چەوساندنەوەیەش تاوەکو ئێستا دەبیندرێن. هەربۆیە دەبێت راشکاوانە و راستگۆیانە رووبەڕووی رابردوو ببینەوە".   
 
حکومەتی هۆڵەندا وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ گەیاندنی لێبووردنەکەی سەرۆکوەزیران، نوێنەری بۆ حەوت وڵات و دوورگەی داگیرکراوی لە ئەمریکای باشوور و کاریبییەن ناردبوو و لە سەرەتای مانگی رابردووشدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا سەردانی سورینامی کرد و گوتی، حکومەتی هۆڵەندا پرۆسەیەکی دەستپێکردووە بۆ دانپێدانان بە رۆڵی وڵاتەکەی لە مێژووی کۆیلایەتییدا.  
 
دەسەڵاتی هۆڵەندا لە سەدەکانی 16 و 17ی زاینییدا نزیکەی 600 هەزار ئەفریقی وەک بەشێک لە بازرگانی رەوانەی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ناوچەی کاریبیان کرد. 
 
ئەو شوێنەی کە ئێستا پێی دەگوترێت هۆڵەندا لە لووتکەی دەسەڵاتیدا چەند شوێنێکی لەژێر دەسەڵاتدا بوو، وەک سورینام، دوورگەی کوراکاوی ناوچەی کاریبیان، ئەفریقیای باشوور و ئەندەنووسیا.