حکومەتی مەکسیک جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە شەقامەکانی شاری مەکسیکۆ لە مەکسیک بە بۆرد ئاگاداریی هاووڵاتییان کراوەتەوە کە جگەرە نەکێشن. 
 
حکومەتی مەکسیک بڕیاریداوە، کێشانی جگەرە لە تەواوی شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکە قەدەخە بکات و لە رۆژی یەکشەممەوە جێبەجێ کراوە. ئێستا هاووڵاتییان تەنیا لەو شوێنانەدا دەتوانن جگەرە بکێشن کە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراون.
 
پێدرۆ، دانیشتوویەکی مەکسیکۆیە و دەڵێت: "باشە و خراپە لە هەمان کاتدا. باشە لەبەر ئەوەی ناتوانین بە ئاسانی جگەرە بکێشین و ئەوە سوودی بۆمان هەیە، بەڵام خراپیشە چونکە دەبێت خەڵک ئازاد بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ تەندروستی خۆیدا دەکات."
 
یاسا نوێیەکەی حکومەتی مەکسیک بە یەکێک لە تووندترین رێکارەکان لە جیهان دادەنرێت دژی کێشانی جگەرە. یاساکە بەو جۆرەیە، نەک تەنیا جێگە داخراوەکان، هاووڵاتییان ناتوانن لە پارک، شەقام و کەنار دەریاکانیشدا جگەرە بکێشن. بەشێک لە خاوەن کارەکانیش دەڵێن، کاریگەری لەسەر بازاڕیان دەبێت.
 
وان کارلۆس، خاوەن کافتریایەکە و دەڵێت: "پێم وایە بە خراپی کاریگەری دەکاتە سەر ئێمە، چونکە کڕیارمان هەیە کە دەیەوێت لەسەر مێزەکەی جگەرە بکێشێت. خەڵک لەگەڵ هاوڕێکانیان دادەنیشن، بەڵام نایانەوێت هەرکات جگەرەیەکیان کێشا چەند مەترێک دووربکەونەوە."
 
لە 126 ملیۆن دانیشتووی مەکسیک 15 ملیۆنیان جگەرەکێشن کە 5٪ی ئەو ژمارەیە هاووڵاتی تەمەن 12 بۆ 17 ساڵانن، بۆیە حکومەت رێکلامکردنیشی بۆ براندەکانی جگەرە قەدەخەکردووە.
 
کۆپارمێکس، کە رێکخراوێکی تایبەت بە چاودێری بازاڕی بزنسی بچووکە، رەخنەی تووند لە بڕیارەکە دەگرێت. بەگوێرەی کۆپارمێکس، 85 هەزار مارکێت لە مەکسیکۆ ستی هەن و 25٪ی داهاتیان لە فرۆشتنی جگەرەدا پەیدا دەکەن.