قۆناخێکی نوێی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا دەستپێدەکات
رووداو - هەولێر
ئەڵمانییەکان و زۆرێکیش لە ئەوروپییەکان چاویان لە کۆبوونەوەی سەتان نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە شاری بۆن بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەکە بۆ قسەکردنە لەسەر ئەو وردەکارییانەی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت کە رۆژی هەینی رابردوو مارتن شوڵز، سەرۆکی پارتەکە و ئەنگێلا مێرکل، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات و هۆرس زیهۆفەر، سەرۆکی پارتی کریستیان سۆسیال لەسەری رێککەوتن.
دواتریش، دەبێت 443 هەزار ئەندامەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات دەنگ لەسەر رێککەوتننەکە بدەن.
ئەگەر ئەم دوو ئاستەنگە نەمان، ئەو کاتە دانوستاندنە فەرمییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا دەستپێدەکەن.
هەرچەندە هەندێک لە بەرپرسانی سۆسیال دیموکرات لە رێککەوتننەکە بەگومانن، بەڵام شوڵز پێیوایە ویستی سیاسی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی ئەڵمانیا هەیە.
مارتن شوڵز، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەڵێت "ئەو کەرەستە سیاسیەی کە بۆ دانوستاندنی هاوپەیمانێتی پێویستن لەبەردەستدان. لێرەدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە دانوستاندنەکانی هاوپەیمانێتی لە دانوستاندنە بەراییەکان جیاوازن، دانوستاندنە بەراییەکان واتای ئەوە دەگەیێنن، ئێمە هەوڵدەدەین بۆمان روون بێتەوە ئایا شتێکی گونجاوە کە دانوستاندنەکانی هاوپەیمانێتی دەستپێبکەن".
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەڵمانیا لە 24ـی ئەیلوولی رابردوودا، پارتی سۆسیال دیموکرات بڕیاریدا ببێتە ئۆپۆزیسیۆن.
بەڵام شکستی دانوستاندنەکانی نێوان پارتەکەی مێرکل و چەند پارتێکی دیکە لە تشرینی دووەمی رابردوودا وایکرد بەرپرسانی پارتی سۆسیال دیموکرات چاوخشاندنەوەیەک بە هەڵوێستی خۆیاندا دەربارەی بەشداریکردن لە حکومەت بکەن.
مارتن شوڵزیش دەڵێت، پارتەکەی ئامانجێکی تایبەتی لە بەشداریکردن لە حکومەتدا هەیە، ئەویش چاککردنی چەندین بواری وڵاتە.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا دەڵێت "خاڵی یەکلاکەرەوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات دەیەوێت لە حکومەت بەدەستیبهێنێت بریتییە لە باشترکردنی وڵات و بەهێزترکردنی کۆمەڵگا، ئەوەش لە رێگای نوێکردنەوەی سیستمی سەروەری، ئیدی هەر لە پەروەردەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە خانەنشینی و تەندروستی و هەروەها لە رێگای وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون و بەهێزکردنی دەسەڵاتی لۆکاڵی".
ماوەی چوار ساڵە ئەم دوو پارتە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەڵمانیادا پێکەوەن و لە چەندین بواریشدا تێڕوانینیان لە یەکتریەوە نزیکە. ئەمەش وایکردووە ئەڵمانییەکان پێیانوابێت بەمزووانە کێشەی سیاسی وڵاتەکەیان کۆتاییدێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن