لە لەندەن خۆپیشاندان دژی داودئۆغڵو کرا

رووداو - لەندەن

لەکاتی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و هاوتا بەریتانییەکەی، بەشێک لە کوردانی بەریتانیا خۆپیشاندانێکیان دژی داودئۆغڵو رێکخست.

پەیامنێری رووداو لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، خۆپیشاندەران وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری پارتی کرێکارانیان بەرزکردووەتەوە، دژایەتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان دەربڕی و داوایانکرد دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکان بهێندرێت. هەروەها تورکیایان بە لایەنگری داعش ناوبرد و کاریکاتێری سەرۆککۆماری تورکیاشیان بەرزکردبووەوە.

خۆپیشاندەران رێگەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا گرت تا لە دەرگای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیاوە بچێتە دەرەوە و بەو هۆیەوە پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا. پۆلیس ژمارەیەک خۆپیشاندەری دەستگیر کرد.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 17-1-2016 ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی تورکیا گەیشتە بەریتانیا.