پەرلەمانی سویسرا جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی بەفەرمی ناساند

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی سویسرا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، ئەو تاوانەی کە رێکخراوی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی کردی، بە "کۆمەڵکوژی" بناسێنێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمانی سویسرا بە 105 دەنگ بەرامبەر بە 61 دەنگی دانی بە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان نا، هەروەها 27 ئەندام پەرلەمانیش بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد. 
 
هەروەها پەرلەمانی سویسرا سەرکۆنەی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان و دەڵێت، "بەشێوەیەکی سیستەماتیکی ئیزدییەکان ئاوارە کراون، دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و شوێنە کولتوورییەکانیان وێران کراون."
 
پەرلەمانی سویسرا داواش لە ئەنجوومەنی فیدرالیی وڵاتەکەی دەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەو تاوانانە بکات کە دژ بە کوردانی ئێزدی کراون. 
 
دانپێدانانی پەرلەمانی سویسرا بە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لە بەرامبەر ئەو تاوانانە بووە کە رێکخراوی داعش لە 3ـی ئابی 2014 بەرامبەریان کردی. 
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 583 کەسیان ئازادکراون.
 
ئەو وڵاتانە کێن کە دانیان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە؟
 
لە 19ی ئاداری 2015، نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی، بە جینۆساید دانا. 
 
لە 10ی ئایاری 2021، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کردەوەکانی داعش لە عێراق بە جینۆساید هەژماردەکرێن. 
 
لە 27ی کانوونی دووەمی 2016، ئەنجوومەنی ئەوروپا، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و سەروەریی یاسایە، 46 ئەندامی هەیە و لە ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا جیایە؛ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
 
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە 4ی شوباتی 2016 بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد بۆ بە جینۆساید هەژمارکردنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان و هەموو ئەوانەی لەگەڵ گرووپە پەڕگیرەکە هاوڕا نەبوون. هەروەها داوایکرد ئەوانەی کە بە مەبەست تاوانیان لە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە، بە تاوانی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، دادگایی بکرێن. 
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 14ی ئاداری 2016 بە کۆی دەنگ، تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان، شيعە و پێکهاتەکانی دیکەی بە جینۆساید دانان. 
 
لە 20ی نیسانی ساڵی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا بنێت، سەرکۆنەی بکات و پرسەکەی بباتە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان. حکومەتی بەریتانیا رەتیکردەوە دانیپێدابنێت، چونکە پێیوابوو، دەبێت دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆ بڕیار لەسەر تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید بدات نەک حکومەت. 
 
حکومەتی بەریتانیا دواجار، رۆژی 1ـی ئابی 2023، لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی، وەکو جینۆساید دانی بە تاوانەکانی گرووپە پەڕگیرەکەدا نا. 
 
لە 23ی ئاداری 2017، پەرلەمانی سکۆتلەنداش پڕۆژەیاسایێکی پەسەندکرد و دانی بە جینۆسایدەکە دانا. لە پڕۆژەیاساکەدا هاتبوو: "پەرلەمانی سکتۆلەندا دان بە جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزدییەکاندا دەنێت، دان بەو نەهامەتییە مەزنەدا دەنێت کە لە ئەنجامی دەمارگیری، دڕندەیی و دژایەتیکردنی ئایینییەوە دروستبووە، هەروەها دان بە تاوانەکانی داعش لە دژی موسڵمانان، کرستیانەکان، عەرەبەکان، کوردەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و سووریادا دەنێت و سەرکۆنەیان دەکات، پێشوازی لە هەنگاوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکە دەکات کە بە فەرمی دان بە جینۆسایدەکەدا دەنێن."
 
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەنەدا بە کۆی دەنگ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی پەسندکرد و دانی بەوە دانا کە داعش کچ و ژنانی کوردانی ئێزدیی وەک کۆیلەی سێکس بەکارهێناون و بڕیاریدا لەسەر بنەمای راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاو بنێت و لە ماوەی 120 رۆژدا مافی پەناخوازی بە ژن و کچانی کوردانی ئێزدی بدات. 
 
6ی کانوونی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە کۆدەنگی پڕۆژە یاسای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی پەسندکرد و داوای لە حکومەت کرد "هەموو کەناڵە یاساییەکان" بەکاربێنێت بۆ داننان بە تاوانەکە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی. 
 
16ی کانوونی دووەمی 2018، پەرلەمانی ئەرمینیا دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە رووداوەکان دەستپێبکەن. 
 
1ی ئاداری 2021. پەرلەمانی عێراق یاسای رزگابووانی ئێزدی پەسندکرد کە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، تورکمانەکان، کرستیانەکان و شەبەکەکان بە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنێت. 
 
30ی حوزەیرانی 2021، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەلیجکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەی یاسای بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن داعشەوە پەسندکرد و داوای لە حکومەتی بەلجیکا کرد، هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانکاران زیادبکات. 
 
لە 17ی تەممووزی 2021، پەرلەمانی بەلجیکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی پەسەندکرد. 
 
هۆڵەندا لە 6ی تەممووزی 2021 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە کۆدەنگی دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا. 
 
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە 19ی کانوونی دووەمی 2023 بە کۆی دەنگ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا. وێنە: AP

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: کۆبانێ سیمبولی ئازایەتیی کوردە

رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "کۆبانێ سیمبولی شەڕی ئازایانەی کوردەکانە لە دژی داعش. لەدوای 14 ساڵ لە جەنگ، نابێت چیدیکە خوێنڕشتن بەرۆکی خەڵکەکەی بگرێت."