رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لێکۆڵینەوەی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەیەک لە باشووری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ دوو فەرماندەی باڵا کوژران.
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی ئەمنیی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، "دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەیەک لەسەر رێگەی ریازانسکی لە مۆسکۆ کردووە کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس".
رێگەی ریازانسکی کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری مۆسکۆ.
بە گوێرەی لیژنەکە، فەرماندەکە ئیگۆر کیریلۆڤ، بەرپرسی هێزەکانی بەرگریی تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی یەکێکە لە کوژراوەکان، ئەوەی دیکەش جێگرەکەی بوو.
بە گوێرەی پۆلیسی مۆسکۆ، تەقینەوەکە لە رێگەی سکۆتەرێکی بۆمڕێژکراوەوە بووە.
هێزەکانی بەرگریی تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی بەشێکن لە هێزە زەوینییەکانی رووسیا و ئەرکیان کەمکردنەوەی زیانەکانی سوپای ئەو وڵاتەیە بەهۆی چەکەکانی تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی.
تەقینەوەکەی رووسیا لەکاتێکدایە، لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا لە جەنگ دایە. رووسیا 17.9٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە، ئەویش ناوە ناوە هێرشی درۆنی دەکاتە سەر ناوچەکانی ئەو وڵاتە.
نیسانی ئەم ساڵ، ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر هۆڵێک لە مۆسکۆ و بەهۆیەوە 130 کەس کوژران. ئەو کات، رووسیا، ئۆکراینای بە پلاندانان بۆ هێرشەکە تۆمەتبارکرد، لەکاتێکدا داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشەدا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ