پووتین بۆ فینلاند: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵتان نەبوو، بەڵام ئیدی دەمانبێت

رووداو دیجیتاڵ 

بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ و داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ رووسیا، پووتینی تووڕەکردووە و دەڵێت، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ فینلاند نەبوو، بەڵام ئیدی دەمانبێت. رووسیا ناوچەی سەربازیی لینینگراد لە باکووری رۆژئاوا دروست دەکات و ژمارەیەکی دیاریکراو لە یەکە سەربازییەکان لەوێ چڕ دەکاتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی لەبارەی "کێشە لەگەڵ فینلاند"ـی دراوسێیان دا و گوتی کە مۆسکۆ لە باکووری رۆژئاوای رووسیا بنکەی سەربازی زیاددەکات، ئەمەش وەک وڵامێک بۆ بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ.
 
پووتین گوتی، "ئەوان (وڵاتانی رۆژئاوا) فینلاندایان راپێچی نێو ناتۆکرد. ئایا ئێمە هیچ کێشەیەکمان هەبوو؟ هەموو کێشەکانمان، تەنانەت ئەوانەی لەسەر خاک بوون، لە نێوەڕاستی سەدەی 20ـەم چارەسەرکرد."
 
سەرۆکی رووسیا هەروەها هۆشداریدا، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام ئیدی دەمانبێت چونکە ئێمە ناوچەی سەربازیی لینینگراد دروست دەکەین و بڕێکی دیاریکراو لە یەکە سەربازییەکان لەوێ چڕ دەکەینەوە."
 
لەبارەی ئەگەری شەڕکردنی رووسیا لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، پووتین نیازپاکیی وڵاتەکەی روونکردەوە و گوتی، "رووسیا هیچ هۆکارێک، هیچ بەرژەوەندییەک و هیچ خواستێکی نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناتۆ بکەوێتە جەنگەوە. ئێمە بەدوای باشترکردنی پەیوەندییەکانمانین نەوەک تێکدانی."
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی رووسیا دوای ئەوە دێن کە 6ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگە بە رووسیا مەدەن شەڕەکەی دژی ئۆکراینا بباتەوە. هەروەها گوتیشی، لە ئەگەری بردنەوەی شەڕەکە لەلایەن رووسیاوە، ئەوا رووسیا ناوەستێت و هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ. 
 
لەبارەی ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا پاساوهێنانەوەیە بۆ "سیاسەتی هەڵەی" ئەو وڵاتە بەرامبەر رووسیا.
 
لەبارەی زیادبوونی ئەندامانی ناتۆ، سەرۆکی رووسیا چەند جارێک ئەوەی پێشانداوە کە زیادبوونی ئەندامانی ناتۆ لەدوای جەنگی ساردەوە بەڵگەی "لووتبەرزی" وڵاتانی رۆژئاوایە بەرامبەر نیگەرانییەکانی رووسیا.
 
بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 
دوای ئەوەی لە شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد، فینلاندی هاوسنووری رووسیا بڕیاریدا سنوور و بەرگریی وڵاتەکەی بەهێزبکات بۆیە لەگەڵ سوێد داوایان پێشکێشی ناتۆ کرد تا ببنە ئەندام.
 
رۆژی 4-4-2023 فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام سوێد هێشتا ئەندامی ناتۆ نییە و چاوەڕێی رەزامەندی تورکیا و هەنگاریا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە.
 
هۆشدارییەکەی پووتین بەشێکی دیکەی لەبەر ئەوەیە کە فینلاند لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووە بۆ ئەوەی 15 بنکەی مەشق و سەربازیی ئەمریکی لە فینلاند بکاتەوە.
 
رۆژی هەینی، 15-12-2023، وەزارەتی بەرگریی فینلاند بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 20-12-2023 "لە واشنتن واژۆ لەسەر رێککەوتنی کردنەوەی 15 بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە وڵاتەکەمان دەکەین. رێککەوتنەکە لە ژێر ناوی رێککەوتنی هاریکاریی بەرگری دەبێت."
بەشێکی دیکەی تووڕەکردنی مۆسکۆ دوای ئەوە هات کە فینلاند دەروازە سنوورییەکانی بەهۆی "کۆچبەران"ـەوە لەگەڵ رووسیا داخست.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، پیتێری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلاند لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هێڵنسکی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی، "ئێمە هەموو دەروازە سنوورییەکانمان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان [لەگەڵ رووسیا] داخستووە، جگە لە یەک دەروازەی سنووری نەبێت، ئەگەر پێویست بکات ئەویش دادەخەین."
 
سەرۆکوەزیرانی فینلاند گوتیشی، "فینلاند سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی ناتۆ دەپارێزێت؛ رێگە نادەین ئەو دیاردەیە بەردەوام بێت."
 
فینلاند و رووسیا  هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ یەکدیدا هەیە و هەشت دەروازەی سنووری لە نێوانیاندا هەیە. لە مانگی ئابەوە نزیکەی 800 کۆچبەری نایاسایی لەو سنوورە و لە رووسیاوە خۆیان گەیاندووەتە فینلاند.