ئەڵمانیا گەنجێکی عێراقی بە گومانی پلاندانان بۆ "هێرشی تیرۆریستی" دیپۆرت دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، گەنجێکی عێراقییان بە گومانی پلاندانان بۆ "هێرشێکی تیرۆریستی" بۆسەر بازاڕێکی ویلایەتی ساکسۆنی ئانهاڵت دیپۆرتی وڵاتەکەی کردووەتەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتی ساکسۆنی ئانهاڵتی ئەڵمانیا رۆژی شەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2023، بڵاویکردەوە، بە گومانی پلاندانان بۆ "هێرشێکی تیرۆریستی" بۆسەر بازاڕێکی فرۆشتنی کەلوپەلی کریسمس، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵیان دیپۆرتی وڵاتەکەی کردووەتەوە و بۆ هەمیشەش گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا لێ قەدەخە کراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتی ساکسۆنی ئانهاڵت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا ئاماژەی بە ناوی ئەو هاووڵاتییە عێراقییە نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن کە ئەو کەسە لە ویلایەتی ساکسۆنی ئانهاڵت دەژیا و لە ولایەتی ساکسۆنی خواروو کاری دەکرد. 
 
لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکەوە، میدیای فەرمیی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پۆلیسی ویلایەتی ساکسۆنی ئانهاڵت  ئاگادارییەکی سەبارەت بە گومانلێکراوەکە پێگەیشتووە کە پلانی هەیە "هێرشێکی تووند" بۆ سەر بازاڕێکی کریسمس ئەنجام بدات، لە 21ی تشرینی دووەم گومانلێکراوەکە لە ویلایەتی ساکسۆنی خواروو دەستگیرکراوە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتەکە، فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی گومانلێکراوەکە لەسەر بنەمای "رێگریکردن لە هەڕەشەیەکی دیاریکراو بۆ سەر ئاسایشی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا یان هەڕەشەیەکی تیرۆریستی" بووە و "زۆرجار پێکهاتە کۆچبەرەکانی ئەڵمانیا کە عەرەبن، گومانلێکراوی سەرەکی ئەو جۆرە هێرشانەن."
 
بە گوێرەی میدیای فەرمی ئەڵمانیا، تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا هیچ بەڵگەیەک لەبارەی پلانی هێرشەکەوە دۆزراوەتەوە یان نا.
 
دوای دەستپێکی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بە ئەگەری زیادبوونی مەترسیی "هێرشە تیرۆریستییەکان" کردبوو. 
 
هەروەها 29ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ،  نووسینگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی دەستووری ئەو وڵاتە رایگەیاند: مەترسیی هێرشی "تیرۆریستی" بۆ سەر خاکی ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. نوسینگەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە مەترسیی هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی جووەکان یان "تۆژئاوا بە گشتی" لە دوای هێرشەکانی حەوتی تشرینی یەکەمەوە زیادیکردووە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی هاوبەشی نێوان دوو میدیای حکومەتی ئەڵمانیا بە ناوەکانی ڤێ دێی ئێر و ئێن دێی ئێر و رۆژنامەیەکی بەنێوبانگی ئەڵمانیا بەناوی زوود دۆیچە تسایتونگ، ئەم ساڵ بە هۆکاری جیاواز 164 هاووڵاتیی عێراقی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە.