سعوودییە و حووسییەکان بە نهێنی دانووستان دەکەن

17-12-2019
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن سعوودیە یەمەن حووسییەکان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

هێشتا وردەکاریی دانووستانی نهێنی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن ئاشکرانەکراوە، لەکاتێکدا نوێنەرانی حووسییەکان لە مەسقەت لە سەڵتەنەی عوممان لەگەڵ سعوودیە لە گفتوگۆی نهێنیدان. بە گوتەی چەند سەرکردەیەکی حووسییەکان، دانوستانەکان بەردەوامن، بەڵام بێمتمانەیی باڵی بەسەردا کێشاون.
 
عەبدول ئیلا حیجر، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی لە یەمەن رایگەیاند "ئەوەی ئێستا روودەدات، هەوڵێکە، یان با ناوی تەکتیک، درۆ و پیلانی لێبنێین لەلایەن دەسەڵاتی سعوودیەوە. ئێمە ئاشتییەکمان دەوێت ئاسایش، ئاشتی، سەروەری، سەربەخۆیی و سەقامگیری بەدیبهێنێت، بەڵام ئەوان ئاگربەستێکیان دەوێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و رەخساندنی رەوشی گونجاو بۆ سازکردنی کۆنگرەکان و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان کە یەکەم جارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سازدەکرێن".
 
حووسییەکان دەخوازن جەنگ بە یەکجارەکی رابوەستێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر پێشنیازی ئاگربەستی درێژخایەن دەکات کە لەپێشیدا راستگۆیی نیازەکان بسەلمێندرێت. ئەوەش ئەوەیە کە لە چەند رۆژی رابردوو روویدا، بەڵام باسی سەرکەوتنی دانووستانەکان جێی گومانە، بەتایبەت کە گرژیی سەربازی هێشتا بەردەوامە، ئەوەش هەلەکانی سەرکەوتنی ئەو دانووستانانە کەمتردەکات.
 
حیزام ئەسەد، سەرکردەی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئاماژە بەوە دەکات "توانا سەربازییەکانی یەمەن لە هەموو ئاستێکدا زیاتردەکرێن؛ لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری. بەدڵنیاییەوە ئەگەر دەسەڵاتی سعوودیە و ئیمارات بیانەوێت هێرشەکە رابگرن و گەمارۆکەی سەر وڵاتەکەمان هەڵبگرن، ئەوا ئێمە ئامادەی ئاشتی و دانووستانی جیدین. وەک هەموو جارێکیش شاندی دانووستانکارمان جیدی بوون. هەوڵی چڕ بۆ لابردنی نەهامەتی لەسەر وڵات و گەلەکەمان هەن".
 
باسی ئاشتی شەقامی یەمەنی لە چاوەڕوانیی چارەدا هێشتووەتەوە بە هیوای ئەوەی دەرچەیەک لە رەوشی مرۆیی و گەڕانەوەی سادەترین مافەکانی ژیان بکاتەوە.
 
ئەگەرچی گرژی لە راگەیاندنەکاندا بەردەوامە، بەڵام ئاماژەکانی وەستاندنی جەنگ روونن، چونکە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سەنعا بەتایبەتی وەستاون و جۆرێک لە ئارامی لە بەرەکانی جەنگدا سەریهەڵداوە. ئاوانەش ئاماژەی ئەنجامەکانی دانووستانی نێوان هەردوولادان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە