رابردووی بەربژێرەکەی ترەمپ بۆ پۆستی وەزیری بەرگری هەرا دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پێت هێگسیس، لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەربژێرکراوە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیری بەرگریی ئەمریکا وەربگرێت، بەڵام لەبەرئەوەی پێشتر تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی لەسەر بووە و تاتۆیەکی گرووپە پەڕگیرەکانی لەسەر جەستەی نەخشاندووە، لە دۆخێکی ئاساییدا زەحمەت دەبێت پۆستەکە وەربگرێت. بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا لە واشنتن هەیە، هەرگیز ئاسایی نییە.
هێگسیس پێشکێشکاری کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی فۆکس نیوز بوو. رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە هەنگاوێکدا کە تەنانەت بۆ ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی پارتی کۆماریش مایەی حەپەسان بوو، لە لایەن ترەمپەوە بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دەستنیشانکرا. ئەم کارەی ترەمپ، بۆ ئەنجوومەنی پیران وەک مەتەڵێکی زەحمەت و ئاڵۆزە کە رەنگە هەڵهێنانەکەی زەحمەت بێت.
بۆ ئەوەی هێگسیس بتوانێت ئاڵای سەرکردایەتیکردنی پێنتاگۆن و سەرپەرشتیکردنی 3.4 ملیۆن کارمەند وەربگرێت، پێویستە ئەنجوومەنی پیران رازیبێت و بەدەنگدان پۆستەکەی پەسند بکات. بۆ ئەو مەبەستە، ترەمپ دەستیکردووە بە گوشارکردن لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە تاوەکو لە بەرنامەکەی لانەدەن و رێگە لەبەردەم بەربژێرەکانی بکەنەوە.
ئەو شتانەی لەم چەند رۆژەدا لەسەر پیاوە تەمەن 44 ساڵەکە ئاشکرابوون، رێگەی گەیشتنیان بە دەسەڵات پڕکردووە لە کۆسپ و تەگەرە.
یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکانی ئەم کەسە کە پێشتر سەرباز بووە و سێ جار ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، ئەوەیە لە ساڵی 2017 لە کالیفۆرنیا بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە.
ئەو کەسەی هێگسیسی تۆمەتبارکردبوو، ناوی دیار نەبوو و لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردبوو. بەڵام هیچ دادگەیەک هێگسیسی تاوانبار نەکرد. وێڕای ئەوەش، تۆمەتەکە بووەتە پەڵەیەک بەسەر ناوبانگییەوە، لە ئەنجامدا، پێسپاردنی ئەرکە هەستیارەکەی، زەحمەت بووە.
ئەو ژنەی سکاڵاکەی تۆمارکردبوو، گوایە لە هۆتێلێکی ئەمریکا، هێگسیسی بینیبوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتنی ئەمریکی، چەند ساڵێک دواتر، هێگسیس بە رێککەوتنێک کە نازانرێت لەپێناو چی بووە، بڕە پارەیەکی بە ژنەکە داوە. ئەمە وێڕای ئەوەی هێگسیس بەردەوام جەختیکردووەتەوە لەوەی هەر شتێک لە نێوان هەردووکیان روویدابێت، بە رەزامەندیی هەردوو لا بووە.
تاتۆیەکان
کێشەکە هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئەو تاتۆیانەشی لەسەر جەستەی نەخشێنراون، پرسیاری زۆریان دروستکردووە. هەر بەهۆی ئەو تاتۆیانەوە بوو کە ساڵی 2020 رێگەی پێنەدرا لەگەڵ یەکەیەکی پاسەوانی نیشتمانی، بەشداری لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدندا بکات.
هێگسیس ئەم مانگە لە پۆدکاستێکدا قسەیکرد و نەیشاردەوە، یەکێک لە هاوڕێ سەربازەکانی، قسەی لێ کردبوو و بە بەرپرسانی گوتبوو، ئەو تاتۆیانەی لەسەر جەستەی هێگسیسن نیشانەی ئەوەن کە سپیپێستێکی نەژادپەرستە.
یەکێک لە تاتۆکان، نەخشەی خاچێکی سەردەمی چەرخی نێوەڕاستە و یەکێکی دیکەیان دەستەواژەی لاتینیی "Deus Vult"ـە کە بە واتەی "بە پشتیوانیی خوا" دێت. خاچەکە و دەستەواژەکە لە لایەن خاچپەرستانی چەرخی نێوەڕاست لە شەڕەکانی دژی موسڵماناندا بەکاردەهێنران.
لەم چەند ساڵەی دواییدا، نەخشە و درووشمەکانی ئەورووپای چەرخی نێوەڕاست بە فراوانی لە لایەن سپیپێستە خۆسەپێنەکان و نازییە نوێیەکانەوە بەکارهێنراون، بەڵام هێگسیس دەڵێت، تاتۆیەکانی هیچ واتەیەک هەڵناگرن و تەنیا رەنگدانەوەی بیروباوەڕی ئایینی خۆینی.
لە بارەی خاچەکەوە، کە نەخشێکی تایبەتی هەیە و بە خاچی ئۆرشەلیم دەناسرێت، هێگسیس گوتی "هێمایەکی کرستیانەکانە."
هەر لەم رۆژانەدا، هەندێ ڤیدیۆی کۆنی پیت هێگسیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا دەرکەوتوونەتەوە، کە دەردەکەوێت بەشداری لە کێبڕکێی بەکارهێنانی چەکەکانی چەرخی نێوەڕاست کردووە، لەوانەش فڕێدانی تەور. لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا، هێگسیس تەورێک فڕێدەدات، ئامانجەکەی ناپێکێت، بەڵکو بەر کەسێک دەکەوێت کە لەوێ دانیشتووە و بە ئەستەم لێی رزگاری دەبێت.
کوڕە دڵخوازەکەی ترەمپ
هێگسیس ئەزموونی شەڕکردنی لە عێراق و ئەفغانستان هەیە و پلەی رائیدی لە ریزەکانی سوپای نیشتمانیدا بەدەستهێناوە، بەراورد بە جەنەڕال و ئەدمیراڵەکان، پلەیەکی نزمە و ناگاتە ئاستی ئەوانەی پێشتر بوونەتە وەزیری بەرگری.
هێگسیس لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە و لە زانکۆی هارڤەردی هەمان وڵات، ماستەری وەرگرتووە.
ئەوەی بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی ترەمپ، قسە راشکاو و تووندەکانی بوو، کە وەک پێشكێشکارلە بەرنامەی "Fox & Friends Weekend" دەیکردن.
ترەمپ حوزەیرانی ئەمساڵ پێیگوت "تۆ، لە هەموو کەسێک چاکتر شارەزای سوپای،" هەر ئەوکات باسی لەوە کرد هەندێ جار بیر لەوە دەکاتەوە بیکاتە وەزیری بەرگری.
جەستن هیگینز، ئەندامی پێشووی پارتەکەی ترەمپ ئەم هەفتەیە رایگەیاند، هێگسیس شیاوی ئەوە نییە بکرێتە وەزیر و، بە "لاشەیەکی بەتاڵ"ـی چوواند.
هیگینز ئاماژەی بەوە کردووە، هێگسیس ئەزموونی لە کاروباری دەرەوە و سیاسەتی کۆنگرێسدا نییە. هەروەها تاکە رۆڵی لە بواری بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا هەبووبێت، ئەو کاتە بووە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوێکی قازانجنەویستی بچووک بووە.
هینگز لە گوتارێکدا نووسیویەتی "زەحمەت نییە بیهێنیتە پێش چاوت کە ترەمپ هەرچییەکی بووێت، هێگسیس دەیڵێت و دەیکات."