رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا دەنگدان بە ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ دوادەخات.
رۆژی پێنجشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2023، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە کۆبووەوە و دەنگدان بە بەئەندامبوونی سوێدی لە پەرلەمانی تورکیادا دواخست.
فوئاد ئۆکتای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا گوتی، "پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی پەسندکردنی هەشت رێککەوتننامە و یاداشتنامەی زۆر گرنگ و پێویستە. لیژنەکەمان زۆر بەو هەشت دۆسیەوە سەرقاڵە و تاوەکو ئێستا سێ دۆسیەمان پەسند کردوون. ئەوانەی ماونەتەوە لە بواری دیپلۆماسی و هاوپەیمانێتی نوێ بۆ تورکیا جێگەی بایەخن. پێویستمان بە کارکردنی زیاتر هەیە".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکەین زانیاری وردمان پێ بدات لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەو بەڵێنانەی سوێد بە تورکیای دان بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پابەندی مەرجەکانی تورکیا بووە کە لە رێککەوتنی مەدرید واژۆی کردن".
فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، "دەیان پرسیارمان ئامادەکردوون و ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەیان دەکەن. لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکە کۆدەبینەوە؛ ئەم بابەتە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی لیژنەکەمان تاوتوێ دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین و دواتر بڕیاری کۆتایی دەدەین"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەکە تا تەواوبوونی هەموو رێکارەکان دوادەخرێت.
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، یاداشتنامەی پەسندکردنی ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاش هەمان رۆژ یاداشتنامەکەی ئاراستەی هەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان کرد.
ئەگەر پرۆسەکە بە زۆرینەی دەنگی 18 ئەندامی هەردوو لیژنەکە پەسند بکرێت، ئەو کاتە دۆسیەکە دەنێردرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لەوێ دەخرێتە بەرنامەی کار و رۆژێکی بۆ دیاری دەکرێت تاوەکو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2022، فینلاند و سوێد پێکەوە داواکارییان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە.
28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان ههریهك له رەجەب تەیب ئەردۆغان، سهرۆکكۆماری توركیا؛ ساولی نینیستۆ، سهرۆکكۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سهرۆكوهزیرانی ئەو کاتی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری کە ئەمانە بوون:
یەکەم: سوێد و فینلاند بهڵێنى رێگرى له چالاكییهكانى پهكهكه و سهرجهم رێكخراوه تیرۆریستییهكان و كهسانى پهیوهندیدار دەکەن.
دووەم: سوێد و فینلاند سەرکۆنەی هێرشى تیرۆریستیی سهرجهم ئهو رێكخراوه تیرۆریستیانه دهكهن كه له بهرامبهر توركیادا ئهنجام دەدرێن.
سێیەم: توركیا، سوێد و فینلاند به مهبهستى رێگرى له چالاكیهكانى رێكخراوه تیرۆریستییهكان، بڕیارى بههێزكردنى هاوئاهەنگیی نێوانیان دەدەن.
چوارەم: سوێد و فینلاند لە سەر بنچینەی بهڵگه و زانیارییه ههواڵگرییهكانى توركیا، خێرا كار لهسهر دیپۆرتكردنەوەى گومانلێكراوانى تیرۆر یان رادهستكردنهوهیان دەکەن.
پێنجەم: سوێد و فینلاند لێكۆڵینهوه له چالاكییهكانى كۆكردنهوهى پاره و دۆزینهوهى ئهندام بۆ پهكهكه و سهرجهم درێژكراوهكانى دەکەن و قهدهخهیان دەکەن.
شەشەم: سوێد و فینلاند رێگری لە هەموو جۆرە پڕوپاگەندەیەکی تیرۆریستان دژی تورکیا دەکەن.
حەوتەم: سوێد و فینلاند وهك هاوپهیمانیى داهاتووى ناتۆ، پشتیوانى له پهیهده/یهپهگه و ئهو رێكخراوه ناكهن كه له توركیا به (فهتۆ) ناسراوه.
هەشتەم: سوێد و فینلاند پشتڕاستی دەکەنەوە گەمارۆ ناخەنە سەر چەکی نیشتمانی و پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و سنوورداری ناکەن.
نۆیەم: بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، کار دەکرێت لەسەر میکانیزمی هاوبەش و هەمیشەیی بە بەشداریپێکردنی دامەزراوەکان داد، هەواڵگریی و ئاسایشی هەر سێ وڵات بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنیان.
دەیەم: توركیا پشتیوانى له سیاسهتى دهرگاى كراوهى ناتۆ دهكات و پشتیوانى خۆى له لووتكهى مهدرید بۆ بانگهێشتکردنی سوێد و فینلاند بۆ ئهندامێتى له ناتۆ دهكات.
یازدەیەم: سوێد ئهوه پشتڕاست دهكاتهوه كه له 1ى تهممووزەوە یاسایهكى نوێ و كاریگهرترى بهرهنگاربوونهوهى تیرۆر دهخاته بوارى جێبهجێكردنهوه.
رۆژی 17ی ئاداری 2023، تورکیا رەزامەندی لەسەر بەئەندامبوونی فینلاند دەربڕی و رایگەیاند، "فینلاند مەرج و داواکارییەکانی تورکیای جێبەجێکردووە و نیگەرانییە ئەمنییەکانمانی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام سوێد ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە؛ هەربۆیە بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ پرسی ئەندامبوونی فینلاند دەکەین".
18ـی ئادار، بە واژۆی ئەردۆغان، یاداشتنامەی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا. رۆژی 30ـی ئادار، پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاداشتنامەکەی پەسندکرد و رۆژی 2ـی نیسانیش بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
مانگی حوزەیران، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، ناوی 120 کەسیان داوەتە حکومەتی سوێد کە لای ئەنقەرە وەک تیرۆریست ناسراون و داوای کرد رادەست بکرێن. 6ی تەممووزی 2023ش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "ئەو وڵاتانەی ئارەزووی ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن، مەرجە هەڵوێستێکی پتهویان له بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەبێت" و گوتی، "ئەگەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و فەتۆ و پێکهاتەکانی پەیوەندیدار بەوان بتوانن لە شەقامەکانی سوێد خۆپیشاندان بکەن، ئەندام بۆ خۆیان پەیدا بکەن و دەستیان بگات بە سەرچاوەی دارایی، ئەوا ههمواركردنهوهی یاساكان لەو وڵاتەدا بەلای تورکیاوە هیچ واتایەکی نییە".
ئابی ئەم ساڵ لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا بەڕێوەچوو و تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەزامەندیدا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و رایگەیاند، "لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەرزی نوێی پەرلەمان دەستپێدەکات و ئەوانیش دۆسیەکە دەنێرنە ئەوێ، ئەگەر پەرلەمان قبووڵی بکات، ئێمەش لاریمان نابێت".
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ