سوێد چالاکییەکانی پەکەکە سنووردار و بنکۆڵکاریی رۆژنامەڤانی بۆ بابەتە هەستیارەکان قەدەخە دەکات

17-11-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی سوێد دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکە درا. بەپێی هەموارەکە، دوو ماددە بۆ دەستوورەکە زیاد کراون، ئەوانیش بەربەستدانان لەبەردەم پشتیوانیکردنی ئەو رێکخراوانەی بە "تیرۆرست" ناودەبرێن و قەدەخەکردنی بنکۆڵکاریی رۆژنامەڤانی بۆ بابەتە هەستیارەکان.
 
هەربۆیە، هەموارەکە کە بڕیارە لە 1ی کانوونی دووەمی 2023وە جێبەجێ بکرێت، چالاکیی ئەو گرووپ و رێکخراوانە بەرتەسک دەکاتەوە کە پاڵپشتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکەن.
 
نەیارانی هەموارکردنەوەکە دەڵێن، هەموارە نوێیەکە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە سوێد لاواز دەکات.
 
نیلس فەنکڵ، پسپۆڕی کێشەکانی ئازادیی رادەربڕین دەڵێت، "هیچ هاندەرێکی بەهێز نییە بۆئەوەی دەستوور بگۆڕین. بەڵکو واتای راستەقینەی ئەم کارە لاوازکردنی یاساکانی ئازادیی رادەربڕینە؛ کێشەکە ئەوەیە، خەڵک وێنە راستەقینەکە نابینن و نازانن لە بابەتی تووندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا چی دەگوزەرێت."
 
جێسیکا وێتەرلینگ، ئەندام پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر لەژێر ناوی دژە سیخوڕییشدا ئەو کارە بکرێت، راستییەکەی وانییە. راستییەکەی ئەمە بۆ سنووردارکردنی بنکۆڵکاریی رۆژنامەڤانیی گرنگە. ئەمە ئەو بەشەی یاسایەکەیە کە کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی دەبێت."
 
هەموارکردنی دەستوور بە هەوڵێکی حکومەتەکەی کریستەرشۆن دادەنرێت، بۆ ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ. ئەوەش، بۆ قایلکردنی تورکیایە کە لە پێشتر سوێدی بە پاڵپشتیکردنی پەکەکە و یەپەگە تۆمەتبار کردبوو.
 
گونار سترۆمەر، وەزیری داد رایگەیاند، "پێویستە ئاسایش و سەلامەتیی سوێد بە رەچاوکردنی رێکاری تایبەت بۆ رێگەگرتن لە سیخوڕیکردن بپارێزین، وەکو چۆن وڵاتانی دراوسێمان هەیانە؛ بۆ نموونە دراوسێ باکوورییەکانمان. ئێستا ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و سیخوڕی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا قەدەخەیە لە سوێد، بەڵام پێدانی هەمان زانیاری بە گرووپە تیرۆریستییەکان قەدەخە نییە. ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت بگۆڕدرێت."
 
8ی ئەم مانگە، ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و دڵنیایی پێدا کە "سوێد بە هەموو شێوەیەک پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ تورکیا دەبێت"، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەی تورکیا بە "تیرۆرستیان" دەزانێت.
 
لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ، تاوەکو ئێستا 28 ئەندام رەزامەندییان بۆ بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند نیشانداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.