لە گرتووخانەکانی ئێکوادۆر دەست بەسەر نزیکەی 4000 پارچە چەکدا دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئێکوادۆر لە هەڵمەتێکی فراوانی پشکنین و گەڕان لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتە، دەستیان بەسەر نزیکەی چوار هەزار پارچە چەکی نایاساییدا گرت و هەموویان لەنێوبرد.
 
چەتە و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە گرتووخانەکان چەندین جۆری چەکیان بە قاچاخ بردووەتە ژوورەوە، کاتێک لەلایەن زیندانی یاخود گرووپێکی دیکە دەکەونە ژێر هەڕەشە، بەکاریدەهێنن.
 
چەکەکان پێکهاتبوون لە ئێم 4، ئێم 16، ویزە، دەمانچە، نارنجۆک، چەکی دەستکرد و چەندین جۆری دیکە، سەرجەمیان خرانە ژێر ئامێری قورسی هاڕینی ئاسن و لەنێوبران.
 
لە 13ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە شاری گوایاکویل لە ئێکوادۆر شەڕ لەنێوان زیندانیانی گرتووخانەیەک روویدا، 68 زیندانی گیانیان لەدەستدا، ئەمساڵ 300 زیندانی لە گرتووخانەکانی ئێکوادۆر لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، چەک لە 59.6٪ی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە بەکارهاتوون.