لە بەرازیل ژنێک دەبێتە پۆلیس بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی باوکی بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای 25 ساڵ لە چاوەڕوانی، ژنێکی بەرازیلی دەبێتە پۆلیس تەنیا بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی باوکی بکاتەوە.
 
گیسلاین سیلڤا، لە شاری ڤیستای باکووری بەرازیل لە ساڵی 1999، کاتێک تەمەنی 9 ساڵان بووە باوکی لە باڕێک لەسەر قەرزێکی 25 دۆلاری کوژرا.
 
ئەم کچە کوژرانی باوکی بە ناحەق زانیوە و لە دڵیدا ماوەتەوە، بۆیە لە قۆناخی دواناوەندییەوە هەوڵی داوە ببێتە پۆلیس بۆ ئەوەی بەدوای بکوژی باوکیدا بگەڕێت.
 
رایموندۆ ئالڤێس گۆمێز، بکوژی باوکی کچەکەیە، لە 2013 دەستگیرکرا و سزای زیندانی 12 ساڵی بۆ بڕایەوە، بەڵام بە کەفالەت ئازادکرا، تاوەکو لە 2016 لەدوای فەرمانێکی دەستگیرکردن رایکرد و خۆی شاردەوە.
 
لە 2022  گیسلاین بووە پاسەوانی گرتووخانەیەک و ئەوکات گوتی، "هەمیشە خەون بەوەوە دەبینم گۆمیز پەلکێشی ئێرە بکرێت و حوکمی خۆی تەواو بکات."
 
کچەکە بەوەوە نەوەستا تاوەکو بووە ئەفسەری پۆلیسی شارستانی و پەیوەندی بەو یەکەیەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی باوکی دەکات.
 
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونەوە هاوکاربووە لە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، تاوەکو ئەم چەند رۆژەی رابردوو کە سەرەداوەکان بوونە هۆی دەستگیرکردنی بکوژ.
 
لە زیندان کچەکە بەرەوڕووی بکوژی باوکی وەستایەوە و پێی گوت، "بەهۆی منەوە تۆ لێرەیت و ئێستا دەبێت باجەکەی بدەیت."
 
کچە دەڵێت، یەک مانگی خایاندووە تاوەکو ئەو بوێرییەی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی بکوژی باوکی بوەستێتەوە، بەڵام دەڵێت، لەو کاتەدا "فرمێسک لە چاوەکانم نەدەوەستان."