توێژینەوەیەکی فەرەنسی: بەهۆی پیسبوونی ژینگەی دەریاکان ساڵانە 100 ملیۆن ئاژەڵ دەمرن


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی توێژینەوەکانی دەزگای تارای فەرەنسی لەسەر ئاستی پیسبوونی ژینگەی نێو دەریاکان، 100٪ـی پاشماوە کیمیاییەکان دەچنە نێو دەریاکانەوە. ساڵانە یەک ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیک دەخرێتە نێو دەریاوە و 40٪ی پاشماوەی دەریاکان پاشماوەی پلاستیکی یەک جار بەکارهاتوون، بەو هۆیەشەوە ساڵانە 100 ملیۆن ئاژەڵ دەمرن.
 
کەشتی تارا تایبەتە بە گەشتی زانستی، رۆژی شەممە 15ی تشرینی یەکەم، دوای دوو ساڵ گەڕان بە دەریاکاندا، کەشتییەکە لە بەندەری لۆریانت لە رۆژئاوای فەرەنسا لەنگەری گرت.
 
ئامانج لەو گەشتە جیهانییە، کۆکردنەوەی سامپڵی نێو دەریایە تاوەکو باشتر لە ئاستی پیسبوونی ژینگەی دەریاکان تێبگەن. 
 
رۆمیان ترۆبل، بەڕێوەبەری دەزگای تارا دەڵێت، "گەشتەکەی ئەمجارەمان زیاتر گرنگیدان بوو، بەو زیندەوەرانەی لەنێو دەریادا نابینرێن، کە سەرجەم پێکهاتە گرنگەکانی نێو دەریا دەگرێتەوە و رۆژانە دەریا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت، وەکو ئەو پرۆتینەی ژینگەی دەریا بۆ ماسی دابینی دەکات یان ئەو کاربۆنەی هەڵگیراوە یان ئەو ئۆکسجینەی بەرهەم دەهێنرێت، پرسیارەکەی ئێمە ئەوەیە: ئەمانە چۆن کار دەکەن؟ چۆن ئەم هەموو ڤایرۆس و بەکتریا و زیندەوەرانە لەنێو دەریان و نابینرێن، چۆن دەتوانن ئەو ئۆکسجینە بەرهەمبهێنن و چۆن ئەو کاربۆنە هەڵدەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتین؟ چۆنیش دەگۆڕێن؟"
 
بەگوێرەی توێژینەوەکانی رابردووی دەزگای تارای فەرەنسی لەسەر ئاستی پیسبوونی ژینگەی نێو دەریاکان، 100٪ـی پاشماوە کیمیاییەکان دەچنە نێو دەریاکانەوە. ساڵانە یەک ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیک دەخرێتە نێو دەریاوە و 40٪ی پاشماوەی دەریاکان پاشماوەی پلاستیکی یەک جار بەکارهاتوون، بەو هۆیەشەوە ساڵانە 100 ملیۆن ئاژەڵ دەمرن و 70٪ـی پاشماوەی مرۆڤیش دەچێتە نێو دەریاکانەوە.  
 
ژان فراسنیس گیگلیۆن، توێژەری فەرەنسی دەڵێت، "کاتێک بیر لە پلاستیک دەکەینەوە و دەیانبینین، پاکوخاوێنن، هەر کە دەکەوێتە ژینگەوە، چەندین ماددەی پێوەدەلکێت و دواتر بەکتریا کە گەشە دەکات و حەز دەکات بەو پلاستیکەوە بمێنێتەوە، هەربۆیە زۆر بەکتریا هەن کە لە رێگەی ئەو پلاستیکانەوە گەشە دەکەن".
 
کەشتیی تارا، کە 33 ساڵە گەشتی زانستی بەنێو دەریاکانی جیهاندا دەکات و گەشتەکەی ئەم جارەش لە ئەوروپاوە دەستیپێکرد بۆ چیلی لە ئەمریکای باشوور و بەنێو دەریای ئەمازۆن و دەریاکانی جەمسەری باشوور تێپەڕی و پاشانیش بۆ ئەفریقا. لەو گەشتەدا نزیکەی 25 هەزار سامپڵ بەدرێژایی 700 هەزار کیلۆمەتر رووبەر، کۆکراونەتەوە. 
 
ئەو گەشتە، 12یەم گەشتی زانستی جیهانی کەشتی تارا بووە. لەو گەشتانەشدا 42 پەیمانگەی توێژینەوەی زانستی بەشداربوون و بڕیاریشە ساڵی داهاتوو، گەشتی زانستیی کەشتی تارا، بۆ نێو دەریاکانی ئەوروپا بێت.